داعش لە گوندێكی خازر گەمارۆدراوە
پێشمەرگە لە میحوەری خازر لە پێشڕەوی بەردەوامە و، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوی داعش لە گوندی شەنەف تەقێندرایەوە كە ئێستا شەڕ لەنێو گوندەكەیە و چەكدارانی داعشی تێدا گەمارۆدراون.
لە هەمان میحوەر پێشمەرگە پێشڕەوی زۆرتری كردووە و ئێستا شەڕ گەیشتووەتە گوندی ستێح، هەروەها لە گوندی ستێحیش بە چەكی میلان شكست بە خۆكوژێكی داعش هێنرا كە دەیویست بە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو خۆی بە پێشمەرگەدا بتەقێنێتەوە.
لە کاژێر 5:30 خولەکی سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە 14-8-2016 ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە لە چەند میحوەرێکەوە بۆ سەر داعش دەستیپێکردووە و تاوەكو ئێستا پێشمەرگە چوار گوندی کۆنترۆڵ کردوونەتەوە.
گوندە كۆنترۆڵكراوەكان بریتین لە (تەلحەمید - ئەبزەخ - قەرقەشە و تاخ) لە میحوەرەکانی خازر تاوەکو گوێڕ و ئێستاش لەنێو گوندی ستێحن، ئامانجی پێشمەرگەش كۆنترۆڵكردنەوەی 11 گوندە لەو سنوورە.
رووداو
