داعش لە گوندێكی خازر گەمارۆدراوە

 داعش لە گوندێكی خازر گەمارۆدراوە
چەكدارانی داعش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە لە گوندی شەنەف گەمارۆدراون، هەروەها شەڕ گەیشتووەتە نێو گوندی ستێحیش. لە هەردوو گوندیش پێشمەرگە دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی داعشی بە چەكی میلان تەقاندنەوە.

پێشمەرگە لە میحوەری خازر لە پێشڕەوی بەردەوامە و، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوی داعش لە گوندی شەنەف تەقێندرایەوە كە ئێستا شەڕ لەنێو گوندەكەیە و چەكدارانی داعشی تێدا گەمارۆدراون.

لە هەمان میحوەر پێشمەرگە پێشڕەوی زۆرتری كردووە و ئێستا شەڕ گەیشتووەتە گوندی ستێح، هەروەها لە گوندی ستێحیش بە چەكی میلان شكست بە خۆكوژێكی داعش هێنرا كە دەیویست بە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو خۆی بە پێشمەرگەدا بتەقێنێتەوە.

لە کاژێر 5:30 خولەکی سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە 14-8-2016 ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە لە چەند میحوەرێکەوە بۆ سەر داعش دەستیپێکردووە و تاوەكو ئێستا پێشمەرگە چوار گوندی کۆنترۆڵ کردوونەتەوە.

گوندە كۆنترۆڵكراوەكان بریتین لە (تەلحەمید - ئەبزەخ - قەرقەشە و تاخ) لە میحوەرەکانی خازر تاوەکو گوێڕ و ئێستاش لەنێو گوندی ستێحن، ئامانجی پێشمەرگەش كۆنترۆڵكردنەوەی 11 گوندە لەو سنوورە.






رووداو
Top