ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە بەردەوامە و چوار گوند کۆنترۆڵکرانەوە
نێچیرڤان حوسێن، پەیامنێری رووداو لە میحوەری خازر گوتی: "پێشڕەویی پێشمەرگە بەردەوامە و گوندی تاخ لەو میحوەرە کۆنترۆڵکرایەوە".
پەیامنێری رووداو باسی لەوە کرد تاوەکو ئێستا گوندەکانی تەلحەمید - ئەبزەخ - قەرقەشە و تاخ لە میحوەرەکانی خازر تاوەکو گوێڕ کۆنترۆڵکراونەتەوە، ئامانجی پێشمەرگە كۆنترۆڵكردنەوەی 11 گوندە لەو سنوورە.
ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداری پێشمەرگەکانی میحوەری گوێڕ - مەخموور و میحوەری خازر بەسەرپەرشتی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
لە میحوەری خازر لە گوندی وەردەکەوە ھێزی پێشمەرگە پێشڕەوی کرد، لە گوێڕیشەوە پێشمەرگە پێشڕەوی دەکات، تۆپخانەکانی ھێزی پێشتیوانی یەک چەکدارانی داعش ئاگرباران دەکەن و فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانانیش لە ئاسمانەوە داعش دەکەنە ئامانج.
ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە لە میحوەری گوێڕ - مەخموور، کۆنترۆڵکردنی بەرزاییەکانی کەنھشە لە باکووری زێی گەورە کە راستەوخۆ دەڕوانێتە سەر شارۆچکەی گوێڕ.
ئەو ناوچانە لەڕووی سەربازییەوە یەکجار ناوچەی ستراتیژین بەتایبەت ئەو ناوچانە پڕن لە گژوگیاو قامیش و دار و کەند و، تێیدا چەکدارانی داعش لەوێوە سەنگەرەکانی پێشمەرگە بە ھاوەن بۆردوومان دەکەن.
