هێزەكانی پێشمەرگە لەپێشرەویی بەردەوامدایەو گوندی قەرقەشەی كۆنتڕۆڵكردوتەوەو بەرەو گوندی قەرێتاج پێشرەویدەكات

هێزەكانی پێشمەرگە لەپێشرەویی بەردەوامدایەو گوندی قەرقەشەی كۆنتڕۆڵكردوتەوەو بەرەو گوندی قەرێتاج پێشرەویدەكات
هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر گوندێكیان كۆنترۆڵكردەوەو لە میحوەری گوێریش دوو گوندیان گەمارۆداوەو لەناو گوندێكی دیكەش شەری كۆڵان بەكۆڵان دەستی پێكردووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی گوێڕو خازر دەستیپێكرد، بە ئامانجی رزگاركردنی ژمارەیەك گوند كە لەژێر دەستی داعشدان.

لە ئۆپەراسیۆنەكەدا، هێزەكانی زێڕەڤانی و دژە تیرۆر و گوڵان و فەرماندەی كاوە و ئاسایش، فەرماندەی یەك بەشدارن.

سەرچاوەیەكی سەربازی لە سوپای چوار زێرەڤانی لە میحوەری خازر راگەیاند، پێشمەرگە لەپێشرەویی بەردەوامدایەو گوندی قەرقەشەی كۆنتڕۆڵكردوتەوەو بەرەو گوندی قەرێتاج پێشرەویدەكات.

وتیشی "پێشمەرگە تائێستا بێ زیانەو داعش بەرگرییەكی لاواز دەكات توانای روبەروبونەوەی نییە".

ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەكە كۆنتڕۆڵكردنەوەی دە گوندە لە نێوان هەردوو میحورەی گوێر و خازر، فرۆكەكانی هاوپەیمانانیش هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن لە ئۆپەراسیۆنەكەداو بۆردومانی پێگەكانی داعش دەكەن.

عەقید مەلا مەهدی یونس، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری گوێر بەخەندانی راگەیاند، لەناو گوندی ئەبزەق بەرامبەر میحوەری گوێڕ شەڕی سەخت هەیە و داعش بەرگری دەكات، پێشمەرگە چوتە ناو گوندەكە و شەڕی كۆڵان بەكۆڵان دەكرێت.
مەلا مەهدی وتیشی، پێشمەرگە هەردوو گوندی عامریەو عاسریەی گەمارۆداوەو لەو دوو گوندە داعش هیچ بەرگرییەك ناكات.

كاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە، پێشمەرگە بەچەكی قورس تۆپبارانی داعشی كرد، هاوكات فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانیش بە چڕی بۆردمانیان دەستپێكرد.

سەبارەت بە زیانەكانی پێشمەرگە، فەرماندەكەی پێشمەرگە رایگەیاند، پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ سێ برینداری هەیەو برینەكانیان سەخت نین.

لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا هێزەكانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێكی دیكەیان لە میحوەری گوێڕ ئەنجامداو توانیان بەدرێژایی هەشت كیلۆمەتر پێشڕەوی بكەن.

قادر قادر بەپرسی میحوەری گوێڕ بەخەندانی راگەیاند، شەڕ لەهەموو گوندەكان هەیە و دوای تەواو بونی شەڕەكە كۆنترۆڵكردنەوەی گوندەكان رادەگەیەنن.

بەوتەی قادر قادر، پێشمەرگە لەپێشڕەوی بەردەوامدایەو فڕۆكەكانی هاوپەیمان هاوكاریانن.







خەندان
Top