هێزەکانی پێشمەرگە، ئاوارەکان دەگوازنەوە ناوچە ئارامەکان
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 14ـی ئابی 2016، هێزەکانی دژە تیرۆری هەولێری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە لە سنووری میحوەرەکانی خازر و گوێڕ هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی توندڕەوی داعش.
تاوەکو ئێستا هەر چوار گوندی ئەبزەخ، قەریەتاخ، حەمەرە و قەرقەشە رزگار کراونەتەوە و پێشڕەویی پشمەرگەش بەردەوامە.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، کە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئامانج لێی رزگار کردنەوەی 10 گوندی هەردو میحوەری خازر و گوێڕە، پێشمەرگە دەستی کردووە بە گواستنەوەی ئاوارەکان، کە خەڵکی ئەو گوندانەی سنوورەکەن و لە ترسی شەڕ، پەنا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەبەن.
بەپێی زانیارییەکان، چەکدارانی داعش هەوڵ دەدەن لەڕێی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو ئەو گوندانە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە هەموو تواناکانی داعش تێک دەشکێنن و تاوەکو ئێستا دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بتەقێننەوە.
باسنیوز
