سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سکاڵا لەدژی وەزیری بەرگری تۆمار دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سکاڵا لەدژی وەزیری بەرگری تۆمار دەکات
سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ ١٣ی ئابی ٢٠١٦ ڕایگەیاند، سورە لەسەر تۆمارکردنی داوا لەسەر خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری عێراق و ژمارەیەک ئەفسەری باڵای وەزارەتەکە، لەسەر بڵاوکردنەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی، کە عوبەیدی بڵاویکردووەتەوە و تیایدا دانپێدانانی شاهیدێکە کە تۆمەت ئاراستەی جبوری و ژمارەیەک لە لێپرسراوی دیکە دەکات.

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمان بڵاویکردەوە، هەندێک لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمارێکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە، کەسێک لە نوسینگەی وەزیری بەرگری دەردەکەوێت کە دەمووچاوی شاردووەتەوە و قسە و پڕوپاگەندەی درۆ دەکات، کە زۆر جیاوازی نییە لەوانەی کە لەوەبەر گوێبیستی بووین و بینومانە.

لە بەیاننامەکەی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەماندا هاتووە "تۆمارە ڤیدیۆییەکە پڕیەتی لە درۆ و قسەی هەڵبەسترا و ئەوتۆمارە هەفتەیەکی بەسەردا ڕۆیشتووە کە وەزیری بەرگری ڕادەستی دادگای کردبوو ، وەک بەڵگەنامەیەکی ئیدانەکردنی سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان".

جبوری جەختیکردووەتەوە سورە لەسەر تۆمارکردنی داوایەکی یاسایی لە دژی وەزیری بەرگری و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پلە باڵا کە دەیانەوێت ڕای گشتی بەلاڕێدا بەرن.

ئەمڕۆ خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری عێراق لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە گوایە فەرمانبەرێکی وەزارەتی داراییە و دوو ڕۆژ لەسەریەک هاتووەتە بینای وەزارەتی بەرگری و ئاگاداری وەزیری کردووەتەوە سەبارەت بە چەند ڕاستییەک، کە هەڕەشەن بۆسەرئاسایشی و پارە و پولی گەلی عێراق،لە تۆمارەکەدا چەند دانپێدانانێکی شاهیدێکی تێدایە و قسە دەکات دەربارەی چەند دۆسییەکی گەندەڵی و ئاراستەکردنی تۆمەت لەدژی سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لێپرسراوی دیکەی دەوڵەت.





سەرچاوەكان
Top