پەرلەمانتارێکی کورد: بەبێ پشتیوانیی هەرێمی کوردستان مووسڵ ئازاد ناکرێتەوە

 پەرلەمانتارێکی کورد: بەبێ پشتیوانیی هەرێمی کوردستان مووسڵ ئازاد ناکرێتەوە
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ، جەخت لەسەر ڕێککەوتن بۆ قۆناغی دوای ئازادکردنەوەی مووسڵ دەکاتەوە و بەبێ پشتیوانیی هەرێمی کوردستانیش، مووسڵ ئازاد ناکرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 13\8\2016، سیروان سیرینی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “بەبێ ڕەزامەندیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان، مووسڵ ئازاد ناکرێتەوە، چونکە پێش چوونە ناو مووسڵ و گرتنی مووسڵ، دەبێت ڕێککەوتن لەسەر ئیدارەدانی ئەو شارە هەبێت”. ڕوونیشی کردەوە: “بارزانی مەرجی بۆ ئازادکردنەوەی شارەکە هەیە، بەوەی دەبێت ئیدارەی مووسڵ وەک ئەو ئیدارەی ئێستا نەبێت کە هەیە و ڕێککەوتنی پێش وەختە بکرێت و مافی سەرجەم پێکهاتەکانی بپارێزرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی، ئەوەشی ڕوون کردەوە: “رێژەیەکی زۆری خەڵکی کوردستان لە مووسڵە، بۆیە دەبێت پێش ئازادکردنەوەی شارەکە گەرەنتیی پاراستنی پێکهاتەکانی شارەکە بکرێت و ناکرێت ئێمە بەشداری بکەین و دواتر فەرامۆش بکرێین".

ئەم قسانە لە کاتێک دایە کە ئەمڕۆ شەممە، برێت ماکگۆرک، نوێنەری تایبەتیی باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، گەیشتە هەولێر و دیدارێکی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا. پێش دیدارەکەش لە تویتێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە سەبارەت بە پرسی ئازادکردنەوەی مووسڵ، سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.








باسنیوز
Top