گەیارە.. گوندێکی کوردان رزگار دەکرێتەوە
سەرچاوەیەک لەسوپای عێراق لە باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ رایگەیاند، کە لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 13ـی ئابی 2016ـەوە، سوپای عێراق و هێزی ئاڵتوونیی عێراق هێرشێکیان بۆ سەر گوندەکانی سنووری شارەدێی گەیارە دەست پێکرد، کە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیری کردبوون.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، هێزە عێراقییەکان توانیویانە گوندی عوجبەی کوردان و گوندی زەلیلیەیان لە سنوورەکە رزگار کردووەتەوە و هێرشەکەش بەردەوامە بۆ رزگار کردنەوەی هەردوو گوندی جەدعە و جواعنا.
شارەدێی گەیارە کەوتووەتە باشووری شاری مووسڵ و لەلایەن داعشەوە داگیر کراوە، لە ماوەی رابردوودا هێزە عێراقییەکان بە هاوکاریی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، فڕۆکەخانەی سەربازیی گەیارەیان رزگار کردەوە.
چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز
