بەرپرسێکی پەکەکە: خۆمان بە عێراقی دەزانین

 بەرپرسێکی پەکەکە: خۆمان بە عێراقی دەزانین
بەرپرسێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشکرای کرد کە ئەوان خۆیان بە بەشێک لە هێزەکانی عێراق دەزانن و لەگەڵ حکوومەت و سوپای عێراق یەک ئامانجیان هەیە.

سەرحەد شەنگالی، بەرپرسی دیپلۆماسیی یەکینەکانی بەرخودانیی شنگال (یەبەشە) کە هێزێکی سەر بە پەکەکەیە، ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان خۆیان بە هێزێکی عێراقی دەزانن و ئامانجی ئەوان و سوپای عێراق ئەوەیە کە هێڵی پەیوەندی لە نێوان عێراق و سووریا دابخەن، تاکوو داعش لەو ناوچانە نەتوانێت هێرشێک ئەنجام بدات و بە تێپەڕبوونی کات، پەیوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتە دابخرێت.

بەرپرسەکەی پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ماڵپەڕی "کورد پرێس"ی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران، ئەوەشی گوتووە: "پێشڕەوییەک لە لایەن هێزەکانی ئێمە (یەبەشە) لە لای ڕۆژهەڵات و باکووری مووسڵ دەبێت و ئێمە بەدوای کردنەوەی ڕێڕەوێکین کە بتوانین لەگەڵ دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراق پەیوەندی بگرین. ئەگەر دەوڵەتی عێراق لە لای قائیم تاکوو هێڵە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا پێشڕەوی بکات، هەروەها هێزەکانی ئێمە بتوانن لە ڕۆژئاوای ناوچەی شەنگال بەرەو لای بەعاج پێشڕەوی بکەن، دەتوانین ڕێڕەوێک دروست بکەین و بۆ خەڵکی شەنگال و ئەو عەرەبانەی کە تا ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعش ماونەتەوە، ڕێگایەکی ڕزگاربوون بڕەخسێنین”.









Top