هەولێر.. وەزارەتی ئەوقاف مەلایەک لە وتاربێژی لادەدات

 هەولێر.. وەزارەتی ئەوقاف مەلایەک لە وتاربێژی لادەدات
مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و پێکەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، مەلایەک لە شاری هەولێر، بەهۆی دروستکردنی پشێوی، لە وتاربێژیی دوور خرایەوە.

رۆژی شەممە 13ـی ئابی 2016، مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و پێکەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، لێژنەیەک لە وەزارەتی ئەوقاف بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری پشکنین لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئەو بڕیارەی داوە.

مەریوان نەقشبەندی هۆکاری بڕیاری دوور خستنەوەی مەلا موسلیم فریزی، وتاربێژی مزگەوتی مەلا ساڵح لە شارەدێی کەسنەزان لە شاری هەولێری بۆ ”دروستکردنی پشێوی لە کاتی ڕاگەیاندنی جەژنی ڕەمەزاندا“، گەڕاندەوە.

بەگوتەی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و پێکەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئەرکی مامۆستای ئایینی نییە یەکەم و کۆتا رۆژی مانگی رەمەزان دیاری بکات، ”لێژنەی تایبەت لە وەزارەتی ئەوقاف دیاری کرا و رایگەیاند، کە ڕەمەزان 30 ڕۆژە، بەڵام ئەو مامۆستایە بە میدیاکانی گوت، کە مانگ بینراوە، ئەوش دوودڵی و پشێوی لە نێو خەڵکدا دروست کرد“.

مەریوان نەقشبەندی ئاماژەی بەوەش کرد، کە تاوەکو ئێستا وەزارەت هیچ تێبینییەکی لەسەر مەلا موسلیم نەبووە و ”ھیچ لێپێچینەوەیەکی یاسایی لەگەڵ نەکراوە و سزا نەدراوە، وەکو فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقاف ماوەتەوە و تەنیا لە وتاربێژی لادراوە".









باسنیوز
Top