شاندێکی ئەمنی باڵای هەرێمی کوردستان دەچێتە تاران
شاندەکە بەسەرۆکایەتی کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەبێت و بە پێی زانیارییەکانیش تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی شاندەکە دەبێت.
سەردانی ئەم شاندە بۆ تاران لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو تۆپخانەکانی ئێران بەچڕی ناوچە سنوورییەکانیان لە دەڤەری سیدەکان تۆپبارانکرد و زیانێکی زۆریان بە کوێستان و پووش و پاوانەکانی ناوچەکە گەیاند هەروەها بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لەکاتی رووماڵکردنی تۆپبارانەکە بریندار بوو.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو-ی راگەیاند " هەرگیز چاوەڕوانمان نەدەکرد ئێران تۆپباران بکات، من نازانم هۆکاری تۆپبارانەکە چییە، لەوانەیە هەواڵێکی هەڵە بە برادەرانی ئێرانی درابێت و، ئەمەش جێگەی داخە چونکە ئێران دەزانێت شاندێکمان دەچێتە ئەوێ ... ئێمە ئەم تۆپبارانە ئیدانەی دەکەین و باسیشی دەکەین لەگەڵیاندا چونکە بڕیار نەبوو ئەمە بکرێت".
شاندەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەچنە تاران، کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ سەرۆکی شاندەکەیە، ئەندامانی شاندەکەش پێکهاتوون لە: خەسرۆ گوڵ محەممەد، جیگری راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش، عیسمەت ئەرگووشی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی، وەستا حەسەن، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەرپرسی پەیوەندیەکانی تاران و هەولێر.
بەرپرسانی بڵای ئێران لەسەر پاراستنی سنوورەکان داواکاریان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح جێگری، دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی دەڵێت: کۆماری ئیسلامی ئێران بەپاراستنی ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندە و ئاسایشی عێراق بە ئاسایشی خۆی دەزانێت، لەبەرامبەریشدا هەر ئەو چاوەڕوانییەی لە برایانی عێراقی و کوردی خۆی هەیە کە پابەندی پاراستنی ئاسایشی هەردوو وڵات بن".
هەرێمی کوردستان و ئێران سنوورێکی 600 کیلۆمەتریان بەیەکەوە هەیە، ناوچە سنوورییەکان یەکێكن لە کێشە بەردەوامەکانی هەولێر و تاران، تاران-یش گللەیی لە هەولێر هەیە کە سنوورەکان قایم ناکات و حیزبە کوردییەکان لە خاکی باشووری کوردستانەوە دزە دەکەن، داواکارییە بەردەوامەکەی هەولێریش وەستاندنی تۆپبارانی ئەو گوندانەیە، کە تۆپەکانی ئێران پشووی لێ بڕیون.
رووداو
