ڕێکخراوە مەدەنییەکان ھەوڵێستی خۆیان لەبارەی ریفراندۆم ئاشکرا دەکەن

ڕێکخراوە مەدەنییەکان ھەوڵێستی خۆیان لەبارەی ریفراندۆم ئاشکرا دەکەن
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری هەولێر بەیاننامەیەکی هاوبەش دەردەکەن و تێیدا هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ئاشکرا دەکەن.



رۆژی شەممە 13ـی ئابی 2016، ئەنجوومەنی باڵای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری ھەولێر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھەڵوێستی زیاتر لە ٣٠٠ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبارەی ریفراندۆمەوە ئاشکرا کرد.



لە بەیاننامەکەدا، ئەنجوومەنی باڵای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری ھەولێر رایدەگەیەنێت، مافی چارەی خۆنووسین مافی ڕەوای ھەموو نەتەوەیەکە و ”تەنھا دەوڵەتە داگیرکەر و دکتاتۆرەکان“ ئەم مافە زەوت دەکەن و لەو کاتەشدا خەبات لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆیی ”دەبێتە ئەرکێکی پیرۆز بۆ بەدەستھێنانی ئەو مافە".



لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا باس لە ڕەوشی ئێستای کوردستان و باری دەروونیی ھاووڵاتییانی کوردستان کراوە، کە تاکی کوردستانی زۆر نیگەرانە لەو ڕەوشەی ئێستای کوردستان، کە لە نێوان لایەن سیاسییەکان دەگوزەرێ و خەڵکی ”زۆر بێتاقەت“ کردووە.



ئەنجوومەنی باڵای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات، لە پێناوی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان ”دەستبەرداری بەرژەوەندییە حزبییەکان“ بن، هاوکات داوا لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش دەکات، کە ”ھەرچی زووە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ڕابسپێرێت بۆ ئامادەکاری پرۆسەی ریفراندۆم لە کوردستان“ و پشتیوانیی خۆشیان بۆ پرۆسەکە رادەگەیەنن.



لەسەرەتای ئەمساڵەوە، مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا لەگەڵ سەرکردایەتیی ھەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی باشوور، داوای لە حزبەکان کرد ئامادەکاریی بکەن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کوردستانی باشوور پێش ئەوەی لە ئەمریکا ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجام بدرێ، کە بڕیارە لە رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی 2016 بەڕێوە بچێت.












باسنيوز
Top