هاوپه‌یمانان: ئاسانتر له‌جاران شوێنه‌كانی‌ ژێر ده‌ستی‌ داعش رزگارده‌كرێن

هاوپه‌یمانان: ئاسانتر له‌جاران شوێنه‌كانی‌ ژێر ده‌ستی‌ داعش رزگارده‌كرێن
كۆڵۆنێل كریس گارفه‌ر وته‌بێژی‌ هاوپه‌یمانی‌ دژ به‌ رێكخراوی‌ داعش رایگه‌یاند، به‌راورد به‌ پێشتر چه‌كدارانی‌ رێكخراوه‌كه‌ ناتوانن به‌رگری‌ به‌هێز بكه‌ن له‌كاتی‌ چوونه‌ نێو ناوچه‌ نوێیه‌كانداو ئاسانتر شوێنه‌كانی‌ ژێر ده‌ستی‌ رزگارده‌كرێن.

ئه‌و وتانه‌ی‌ گارفه‌ر له‌میانه‌ی‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا هات له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ cnn ی‌ ئه‌مریكی‌ كه‌ تێیدا باسی‌ له‌ شه‌ڕی‌ دژ به‌ داعش و هێرشه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان كردووه‌ بۆ سه‌ر رێكخراوه‌كه‌.

گارفه‌ر رایگه‌یاند، رۆژانه‌ ده‌یانه‌وێت ژماره‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش بزانن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ تێبینیان كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كاتێك ده‌چنه‌ ناوچه‌ نوێیه‌كانه‌وه‌، ئه‌وا ئاسانتر له‌جاران ئه‌و كاره‌ ده‌كرێت و چه‌كداره‌كان به‌رگری‌ به‌هێز ناكه‌ن، هه‌روه‌ك توانا جه‌نگیه‌كانیان كه‌متر بووه‌ته‌وه‌.

هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژی‌ داعش به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مریكا له‌ 19 ی‌ ئه‌یلولی‌ ساڵی‌ 2014 ه‌وه‌ ده‌ستیكردووه‌ به‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشی‌ ئاسمانی‌ له‌دژی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌عیراق و سوریا.

لەیەك ساڵی رابردوودا هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ پەنجا هەزار هێرشی‌ كردووه‌ته‌ سەر داعش كە زیاتر لە 30 هەزار بۆمب بەكارهاتووە، كە لە سێ بەشدا دوو بەشی لەعیراق بووەو بەشێكیشی لە سوریا بووە.

وته‌بێژی‌ هاوپه‌یمانی‌ دژ به‌ رێكخراوی‌ داعش ده‌ڵێت پێشبینییه‌كان ئاماژه‌ به‌بوونی‌ 19 بۆ 25 هه‌زار چه‌كداری‌ داعش ده‌كه‌ن له‌عیراق‌و سوریا، "به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین رۆژانه‌ له‌راستیی‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ دڵنیابینه‌وه‌".

تیرۆریستانی‌ داعش له‌زیاتر له‌به‌ره‌یه‌كی‌ شه‌ڕه‌وه‌ له‌عیراق‌و سوریا رووبه‌ڕووی‌ شكست بووه‌نه‌ته‌وه‌، دواهه‌مین شارۆچكه‌ش كه‌ لێیان سه‌ندرایه‌وه‌، مه‌نبه‌جی‌ سوریا بوو كه‌ دوێنێ‌ به‌ته‌واوی‌ ئازادكرا.

له‌باره‌ی‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ، وته‌بێژه‌كه‌ی‌ هاوپه‌یمانان رایگه‌یاند، پلانی‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و پلانه‌ی‌ بۆی‌ دیاریكراوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌هه‌ندێ ناوچه‌دا هه‌ندێك خاوتر‌و له‌هه‌ندێ تردا خێراتر به‌ڕێوه‌ده‌چێت "ئێمه‌ش ئاماده‌ین له‌ڕوو لۆجستییه‌وه‌ پشتیوانی‌ له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عیراق بكه‌ین‌و راوێژكارمان هه‌یه‌ بۆ ئاماده‌كردنیان بۆ ئه‌ركی‌ داهاتوویان له‌موسڵ".

وته‌بێژی‌ هاوپه‌یمانان وتیشی‌ "ئێمه‌ سه‌رقاڵی‌ مه‌شقپێكردن‌و چه‌كداركردنی‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ پۆلیس‌و هۆزه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ین كه‌دواتر شاره‌كه‌ ده‌پارێزن‌و رێگریی‌ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ رێكخراوی‌ داعش".


هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان تائێستا راهێنانیان بە زیاتر لە 13 هەزار و 500 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عیراق کردووە، کە لە نێویاندا زیاتر لە چوار هەزار سەربازی سوپای عیراق، هەزار و 500 ئەندامی هێزەکانی دژە تیرۆر، شەش هەزار پێشمەرگە، نزیکەی هەزار پۆلیسی فیدراڵی و 300 پاسەوانی سنور هەن.

سه‌باره‌ت به‌ره‌وشی‌ دوای‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ، وته‌بێژی‌ هاوپه‌یمانان رایگه‌یاند، پلانداڕێژه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ عیراق له‌په‌یوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان‌و دانانی‌ پلانێك بۆ پێشوازیكردن له‌ ئاواره‌‌و ئاماده‌كاری‌ بۆ پێشهاته‌كان..








باسنيوز
Top