سەرۆکی داعش لە ناوچەیەکی ئەفغانستان کوژرا
عومەر زەخیلوال، باڵیۆزی ئەفغانستان لە پاکستان رۆژی هەینی 12ـی ئابی 2016 رایگەیاندووە، کە حافیز سەعیدخان، سەرۆکی داعش لە ناوچەی کوت لە ویلایەتی نەنکرهار لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان کوژراوە.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، کە لەرێی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی ئەنجام دراوە، جگە لە حافیز سەعیدخان، ژمارەیەک سەرکردە و چەکداری دیکەی داعشیش کوژراون.
عومەر زەخیلوال هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەو سەرکردەیەی داعش لە ئەفغانستان، رۆژی 26ـی تەمموزی 2016 کوژراوە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش کوژرانی ئەو سەرکردەیەی داعشی پشتڕاست کردووەتەوە.
حافیز سەعیدخان پێشتر سەرکردەیەکی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بوو، دوای راگەیاندنی خەلافەت لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشەوە، لە تاڵیبان جیابووەوە و خۆی و گرووپەکەی، بەیعەتیان بە بەغدادی دا.
باسنیوز
