بزاڤی چاکسازی و گەشە یەکەم کۆنفرانس سازدەكات
محەممەد بازیانی، رێکخەری گشتیی بزاڤی چاکسازی و گەشە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" سبەی شەممە 13.8.2016 لە نزیک شارۆچکەی ئاکرێ، بزاڤی چاکسازی و گەشە یەکەمین کۆنفرانسی خۆی سازدەكات و ئەندامانی کۆنفرانسەکەش لە 50 کەس پێکدێن، کە سەرجەمیان ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی بزاڤەکەن".
محەممەد بازیانی گوتیشی:" بڕیارمانداوە کۆنفرانسەکە لە یەکێک لە هاوینەهەوارەکانی شارۆچکەی ئاکرێ سازبکەین و نەچینە نێو هۆڵ". کۆنفرانسی بزاڤی چاکسازی و گەشە، یەکەمین کۆنفرانسی ئامادەکاری دەبێت بۆ ئەنجامدانی یەکەمین کۆنگرە کە بڕیارە 550 ئەندامی ئەو بزاڤە تێیدا بەشدارببن.
بزاڤی چاکسازی و گەشە لە 3/12/2013، لەلایەن محەممەد بازیانی، سەركردەی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان دامەزرێنراوە و بەشداری لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی پەرلەمانی کوردستان کرد، بەڵام کەمتر لە 5 هەزار دەنگی بەدەستهێنا.
ئەوکات سکاڵایان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تۆمارکرد و بەپێی گوتەی كاندیدانی لیستەکە، زیاتر لە 23 هەزار دەنگیان هێناوە، بەڵام سکاڵاکەیان ئەنجامێکی نەبوو.
rudaw
