دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەسەر تۆپبارانەكانی ئێران هاتە دەنگ

 دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەسەر تۆپبارانەكانی ئێران هاتە دەنگ
لە بەرامبەر تۆپبارانكردنی گوندەكانی شارەدێی سیدەكان لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەكدا داوا لە ئێران دەكات ڕێز لە سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان بگرێت ‌و كۆتایی بە تۆپبارانكردنی ئەو ناوچانە بهێنێت.

لە بەیاننامەكەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ كە ئەمڕۆ 12/8/2016 بڵاو كراوەتەوە "بەداخەوە جارێكیتر ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان لە دەڤەری سیدەكان ‌و دەوروبەری لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تۆپباران كرایەوە و بووە مایەی دەربەدەریی دەیان ماڵ‌ و خێزان‌ و سووتانی سەدان دۆنم باخ ‌و ژینگەی سروشتی ناوچەكە".

لە بەیاننامەكەدا ئەوە ڕوون كراوەتەوە كە "هیچكات زمانی شەڕ و چەك نەبووەتە مایەی ئارامی ‌و یەكلاكردنەوەی كێشە و ناكۆكییەكان جگە لە ماڵوێرانی ‌و قووڵتربونەوەی كێشەكان، و ناكرێت هەرێمی كوردستان ‌و خەڵكەكەی ببنە قوربانیی ناكۆكی ‌و كێشەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی‌و حزب‌ و لایەنەكانی ئەو وڵاتە و پێویستە هەموان رێز لە خاكی هەرێمی كوردستان بگرن".

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوا لە كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات "ڕێز لە سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان ‌و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانی سنوور بگرن ‌و كۆتایی بە تۆپبارانكردنی ئەو ناوچانە بهێنن كە شوێنی ژیان‌ و نیشتەجێبونی هاووڵاتیانە، چونكە بەپێی رێككەوتن ‌و یاساكانی جەنگ نابێت هاووڵاتیانی مەدەنی ‌و شوێنی دانیشتوان ببێتە مەیدانی جەنگ‌ و هەڕەشە و سەربازی ‌و تۆپباران ‌و لەناوبردنی سروشت‌ و ژینگە".






باسنیوز
Top