مەرجەکانی گواستەوەی مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری هەولێر
رۆژی چوارشەممە 10-8-2016 وەزارەتی پەروەردە نووسراوێکی فەرمی بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکانی "(ناوەندی هەولێر، دەوروبەری هەولێر، دەشتی هەولێر، خەبات، شەقڵاوە، مەخموور، کۆیە ، سۆران، رواندز، چۆمان و مێرگەسۆر) ناردووە و لەگەڵ نووسراوەکەدا ئاماژە بە چەند رێننماییەک کراوە.
رێننماییەکانی گواستنەوەی مامۆستایان لە سنووری پەروەردەکانی هەولێر.
یەکەم: مامۆستا مافی گواستنەوەی هەیە لە پەروەردەیەکەوە بۆ پەروەردەیەکی دیکە دوای تەواوکردنی ماوەی خزمەتی لە بازنەی خۆی ، بەمەرجێک بەڕێوەبەری قوتابخانە و سەرپەرشتیار رەزامەند بن.
دووەم: مۆڵەتی دایکایەتی و بێ مووچەی تەنسیب بۆ مەبەستی گواستنەوەی هەژمار ناکرێت، بەڵکو دەبێت لەهەر بازنەیەک خزمەتی فعلی کردبێت.
سێیەم: مۆڵەتی خوێندن بۆ مەبەستی گواستنەوە هەژمار ناکرێت، واتە دوای تەواوبوونی مۆڵەتی خوێندن دەبێت بگەڕێتەوە شوێنی پێویستی خۆی، تاوەکو خزمەتی فعلی لە دەرەوەی شار تەواو دەبێت.
چوارەم: گواستنەوە بەهیچ شێوەیەک مامۆستای گرێبەست ناگرێتەوە.
پێنجەم: ئەگەر پەروەردەی ناوشار مامۆستای پێویست نەبوو، ئەوا ئەو مامۆستایانەی دەگوازرێنەوە لە بازنەیەکی نزیک دادەنرێن، کە پێویستی پێ هەبێت.
شەشەم: ئەو مامۆستایانەی خزمەتی دەرەوەی شاریان تەواو نەکردووە ، دەبێت خزمەتی دەرەوەی شار تەواو بکەن بەپێی رێنماییەکان.
حەوتەم: گواستنەوەی بە ئاڵوگۆڕ ئەنجام بدرێت، دەبێت لە هەمان پسپۆڕی خۆی بێت و سەنتەری هەولێر ناگرێتەوە.
هەشتەم: گواستنەوە لە نزیک بۆ دوور بەبێ بنەما دەبێت.
نۆیەم: گواستنەوەی بە راپۆرتی پزیشکی تەنیا کار بە لیژنەی پێداچوونەوەی هەمیشەیی دەکرێت، دەبێت راپۆرتی پزیشکی لەلایەن لیژنەی گواستنەوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر پەسند بکرێت و بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
دەیەم: دوا مۆڵەت بۆ گواستنەوە 1-10-2016 دەبێت.
یازدە: ئەو مامۆستایانەی داوای گواستنەوە دەکەن لە پارێزگای دیکە بۆ پارێزگای هەولێر ئەگەر ماوەی خزمەتی فعلی لە 7 ساڵ کەمتر بێت ئەوا لە سەنتەری هەولێر دانانرێت و مافی گواستنەوەت نییە بۆ هەمان ئەو شوێنەی کە لێی هاتووە لە هەمان ساڵ.
دوانزە: ئەگەر هەر مامۆستایەک کۆی خاڵەکانی یەکسان بوو بەو خاڵانەی کە بەرامبەر پەروەردەکان دیاریی کراوە پێویستە نووسراوی بۆ بەرز بکرێتەوە بە مەبەستی گواستنەوە.
ئەلف: پەروەردەکانی (رواندز ، سۆران ، چۆمان ، مێرگە سۆر)
* پێویستە کۆی خاڵەکان بگاتە 24 خاڵ، بە مەرجێک بەڕێوەبەری قوتابخانە و سەرپەرشتیار رەزامەند بن.
ب: پەروەردەکانی شەقڵاوە و کۆیە
* پێویستە کۆی خاڵەکان بگاتە 20 خاڵ، بە مەرجێک بەڕێوەبەری قوتابخانە و سەرپەرشتیار رەزامەند بن.
ج : پەروەردەکانی خەبات و مەخموور
* پێویستە کۆی خاڵەکان بگاتە 42 خاڵ، بە مەرجێک بەڕێوەبەری قوتابخانە و سەرپەرشتیار رەزامەند بن.
* هەر مامۆستایەک کە داوای گواستنەوە دەکات لە سەرجەم پەروەردەکانی دیکە بۆ پەروەردەی ناوەندی هەولێر، ئەگەر کۆی خاڵەکانی بگاتە 72 خاڵ ئەوا دەکرێت نووسراوی گواستنەوەی بۆ بەرز بکرێتەوە.
rudaw
