ئەدهەم بارزانی ئێمە ناترسین و لەکەسیش قبول ناکەین کادیرانمان دەستگیربکەن

ئەدهەم بارزانی ئێمە ناترسین و لەکەسیش قبول ناکەین کادیرانمان دەستگیربکەن
لە48 کاژێری رابردوودا عەمیدێکی ئاسایش و کادیرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی دەستگیر کراون و سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو حیزبەش دەڵێت:"ئەو دەستگیرکردنانە بۆ ترساندنی کادیرەکانی پارتییە لە سنووری سلێمانی".

لیوا فازڵ ئیبراهیم، بەرپرسی ئەمنیەتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی رایگەیاند: "لە 48 کاژێری رابردوودا عەمیدی ئاسایش حەسەن قادر عەلی، لەکاتێکدا سەردانی یەکێک لە بنکەکانی پۆلیسی کردووە بۆ لای برازایەکی، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بە تۆمەتی تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی17ی شوباتی2011 دەستگیرکراوە و دوای سەلماندنی تەقەنەکردنی ئازادکراوە، دواتر کادیرێکی پارتی بە ناوی (ئەیوب عوسمان) دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستا بە چەند تۆمەتی جیاواز تۆمەتبار کراوە".

ئەدهەم بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "ئەو دەستگیرکردنانە بۆ ترساندنی کادیرەکانی پارتییە لە سنووری سلێمانی، بەڵام ئەو سەردەمە بەسەر چووە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی گوتیشی: "نامەم بۆ زۆربەی سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ناردووە و پێم گوتوون ئەم بێدەنگیەش لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ناوەشێتەوەو داواشم لە مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کردووە خۆی بێتە سەر هێڵ".

ئەدهەم بارزانی هۆشداریی دەداتە یەکێتی لەسەر ئەو پرسانە و دەڵێت:" هیوادارم نەگاتە ئەو ئاستەی پارتی کاردانەوەی هەبێت، چونکە جوگرافیای گەورەترمان بەدەستەوەیە و تکا دەکەم ناچاری هیچ کاردانەوەیەکمان نەکەن".

بارزانی ئاماژە بەوەشدەکات:" دەبێت لە کوردستان یاسا سەروەربێت، ئەو دەستگیرکردنانەی کادیرانی پارتی هیچ پەیوەندییەکیان بە 17ی شوباتەوە نییە، تەنها بۆ ترساندنی کادیرەکانە، بەوەش ناترسین".

هاوکات بەختیار عەبدولڕەحمان ، قایمقامی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "نەمبیستووە کادیر یاخود بەرپرسی پارتی دەستگیرکرابێت، بەڵام ئەگەر واشبێت، بەبێ فەرمانی داوەر نەبووە و با دۆسیەکەش لەلای دادوەر یەکلایی ببێتەوە."

بەختیار عەبدولڕەحمان، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانییە زیاتر دەڵێت "دەستگیرکردنی هەر کەسێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، ئەگەر بە فەرمانی دادگا بێت زۆر ئاساییە، ئەگەر وابێت نابێ کادیری هیچ حیزبێک دەستگیر بکرێت".

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی سلێمانی جەخت لەوەش دەکاتەوە: "ئەگەر پارتی داوای روونکردنەوە بکات، بێگومان هاوکارییان دەکەین، بەڵام حیزبە سیاسییەکان نابێ لەکاتی دەستگیرکردنی کادیرێکیاندا حکومەت تاوانبار بکەن و بۆ دەستگیرکردنی کادیری حیزبێکی دیکە دەستخۆشی بکەن".

پێشتر سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، کە رۆژی دووشەممەی رابردوو، عەمیدی ئاسایش حەسەن قادر عەلی دەستگیرکراوە، بە تۆمەتی تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی 17ی شوباتی 2011 لە بەردەم لقی4ی پارتی لە سلێمانی، بەڵام دوای ئەوەی لە دادگا سەیری ڤیدیۆکەیان کردووە و دەرکەوتووە ئەو تەقەی نەکردووە، ئازادکراوە.



رووداو
Top