وەستا ڕەسوول: پێشمەرگە لە پێشڕەوی دایە و داعش بەرەو تێکشکان دەچێت

 وەستا ڕەسوول: پێشمەرگە لە پێشڕەوی دایە و داعش بەرەو تێکشکان دەچێت
فەرماندەیەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت: "پێشمەرگە بەم گەرما بێزراوەى ئێستا بەردەوامە لە پووچەڵکردنەوەى پیلانەکانى داعش، بۆیە ئێستا بارودۆخى داعش بەرەو تێکشکان دەچێت."

لیوا وەستا ڕەسوول، فەرماندەى میحوەرى چوارى باشوورى کەرکوک لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "پێشمەرگە بەشداریى شەڕى مووسڵ دەکات، بەڵام کاتێکى دیاریکراو بۆ ئازادکردنى مووسڵ دیارى نەکراوە و هێزى پێشمەرگەى کوردستان بە ورەیەکى بەرزى پۆڵایینەوە بەردەوام دژى چەکدارە توندڕەوەکانى داعش دەوەستێتەوە و هەمیشە پیلانەکانى داعش لەلایەن پێشمەرگەوە پووچەڵ دەکرێنەوە."

گوتیشى: "خۆڕاگریى هێزى پێشمەرگە وای کردووە ئەم گەرما بێزراوەى هاوین کار نەکاتە سەر پێشمەرگە و ماندووى نەکات، بۆیە ئێستا بەهۆى خۆڕاگرى و ئازایەتیى پێشمەرگەوە داعش بەرەو تێکشکان دەچێت. "

فەرماندەکەى پێشمەرگە گوتیشى: "هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەردەوام پشتیوانیى هێزى پێشمەرگەى کوردستان دەکات، هەروەها بۆ ئایندە سەرکەوتنى گەورە لە هێزى پێشمەرگەوە دەبیسترێت."

ئەوەشى گوت: "هێزى پێشمەرگە بەشداریى ئازادکردنى مەوسڵ دەکات، چونکە ئێمە بە ناوچەیەکى کوردى دەزانین، هەروەها تا ئێستا ڕوون نییە کەى ئۆپەڕاسیۆنى ئازادکردنى مەوسڵ دەست پێدەکات، چونکە کاتێکى دیاریکراو بۆ ئەو ئۆپەڕاسیۆنەوە دیارى نەکراوە."








باسنیوز
Top