یەکێتیی مامۆستایان: ئەگەر بەدەم داخوازییەکانمانەوە نەیەن ناچارین هەڵوێستی توند وەربگرین

 یەکێتیی مامۆستایان: ئەگەر بەدەم داخوازییەکانمانەوە نەیەن ناچارین هەڵوێستی توند وەربگرین
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، مەکتەبی تەنفیزی، لەبارەی دۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و بەتایبەت لەبارەی موووچە و سیستەمی پاشەکەوتکردن و لەبەر پرس و ڕا نەکردن بە مامۆستایان نامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتیی مامۆستایاندا هاتووە "ساڵی ڕابردوو هەشت مووچەی تەواو و نیوە مووچە لە وەزارەتی پەروەردە و هەشت مووچەش لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەگیراوە، لە کاتێکدا ئەمساڵ تا ئێستا تەنیا تێکڕا دوو مووچە لە وەزارەتی پەروەردە و مووچە و نیوێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دراوە، مەترسی ئەوەش لە ئارا دایە کە پرسۆەی پەروەردە و فێرکردن بە یەکجاری دابخرێت و بگەڕێتەوە چوار گۆشەی یەکەم، کە ئۆباڵ و هۆکارەکەشی لە ئەستۆی حکوومەتە."

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "زۆر پێویستە حکوومەت هەتا 2018 -9 -1 بەدەم داواکاری و داخوازییەکانەوە بێت، ئەگەر نا ناچار دەبین هەڵوێستی توند و سەرتاسەری بنوێنین."

لە ڕاگیەندراوەکەی مامۆستایاندا پێنج داواکری خراونەتە ڕوو کە بریتین لە:

پێداچوونەوە بە خشتەی پاشەکەوتی مووچە کە لەگەڵ بارودۆخی ئێستا و بژیوی ژیانی مامسۆتایاندا بگونجێ. پاشەکەوتی مووچە شوێنی دیار بکرێت و لە بانکێک لە لە هەژمارێکی تایبەت بە مامۆستایاندا دابنرێت پێدانی مووچە لەژێر هیچ پاساوێکدا دوا نەخرێت و 30 رۆژ جارێک بدرێت. ڕەچاوکردنی بارودۆخی مامۆستایانی خانەنشین لە پێدانی مووچە. بایەخدان بە کرێی وانەبێژی و پێدانی لە کات و ساتی خۆیدا و بەتایبەی ئیستا لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا زۆر پێویستیان پێیەتی.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی تەنفیزیی مامۆستایاندا هاتووە "مەکتەبی تەنفیزی ئەم خاڵانە دەخاتەڕوو و لە پەرۆشی ئەوەی پرۆسەی پەروەردە بە باشی بەڕێوە بچێت، پێداگریش دەکات لە زووترین کاتدا وەڵام بدرێتەوە.








باسنیوز
Top