محەممەد حاجی: لە سەد ساڵی رابردوودا ئەمە باشترین هەلە بۆ كوردستان هەڵكەوتبێت
(د. محەمەد حاجی)، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتیی كوردستانی رایگەیاند: "جەنابی (سەرۆك بارزانی) هەست بە گرینگیی ئەم قۆناغە دەكات، ئاشكرایشە گۆڕانكاریی گەورە لە ناوچەكەدا ڕوو دەدات و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش فۆكسی كردووەتە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناویاندا عێراق و سووریا بە هەرێمی كوردستانەوە، لەو ڕوانگەیەوە دەستپێشخەری (بارزانی) بۆ ئەوەیە كە سەرجەم لایەنەكان بەیەكەوە دابنیشن و گرفتەكان لەنێو خۆماندا چارە بكەین".
(حاجی) گوتیشی: "پێَویستە گرفتەكان وەلاوە بنرێن و هەوڵ بدرێت كاتێكی دیكە باسیان بكرێت، ئەوەی گرینگە دروستكردنی یەكدەنگی و یەكهەڵوێستییە لەناو ماڵی كوردستان بۆ ئەوەی گۆڕانكارییەكان لە بەرژەوەندیی خۆماندا بن، نایشارینەوە لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا ئەمە باشترین هەلە بۆ خەڵكی كوردستان هەڵكەوتبێت كە بووەتە ژمارەیەكی قورس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش بە گرینگییەوە دەڕواننە كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و فەرماندەكردنی پێشمەرگە لەلایەن (بارزانی)ـیەوە".
دەشڵێ: "دەبێت هێز و لایەنە سیاسییەكان بە جیددی بێنەوە پێشەوە و لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بڕیار بدەن".
باوەڕیشی وایە: "ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) ڕۆڵێكی گەورەیە و كەس ناتوانێت بیشارێتەوە، كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش بە چاوێك دەڕواننە (بارزانی) كە سەركردایەتی شەڕێكی نێودەوڵەتی دەكات كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستی بە ڕۆڵی سەرۆك هەیە و جەنابی سەرۆكیش لە دەستپێكی هێرشی داعش بۆ سەر كوردستان، وەك سەرۆكێكی چاونەترس و پێشمەرگە سەرپەرشتیی بەرەكانی جەنگی كردووە، ئەوەیشی بەدەستمان هێناوە لە بەرەكانی جەنگ، بەشێكی زۆری بۆ سیاسەتی حەكیمانەی (بارزانی) دەگەڕێتەوە".
KDP
