"پێویستە لە كەركووك هەڵبژاردن بكرێت.. عەرەب و توركمان ترسیان هەیە"

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، عەرەب و توركمان ترسیان لە هەڵبژاردن هەیە، بۆیە داوا دەكەن بەپێی رێككەوتنێك ئەو هەڵبژاردنە بكرێت و، ئەوەی ئەوانیش داوای دەكەن، قابیلی قبووڵ نییە.

(عەدنان كەركووكی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كەركووك تۆماری دەنگدەرانی هەیە و ئەوانەی بەڵگەكانیان هەیە دەتوانن دەنگ لە كەركووك بدەن و ئاوارەكان بۆیان نییە دەنگ بدەن، چونكە سندووقی تایبەتیان بۆ دادەنرێت بۆ پارێزگاكانی خۆیان دەنگ بدەن نەك بۆ كەركووك، ئەمە لە هەڵبژاردنەكانی دیكەیشدا بەو شێوەیە بووە".

(كەركووكی) گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت و كۆتایی بەو كێشەیە بێت، چونكە ناكرێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكرێت و هیی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نەكرێت و رێز لە هەڵبژاردن نەگیرێت".

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، پێكهاتەی عەرەب و توركمان داوا دەكەن رێككەوتنێك بكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بكرێتە چوار بازنە كە هەر یەكەیان نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت، ئەمەیش لای كورد قابیلی قبووڵ نییە و پێویستە وەكو پارێزگاكانی دیكە هەڵبژاردن بكرێت".

راشیگەیاند، ئەوانە ترسیان لە هەڵبژاردن هەیە، لەبەر ئەوەی لە هەڵبژاردنی پێشوودا كورد زۆرینەی بە دەست هێناوە، بۆیە ئەوان دەیانەوێت رێككەوتن بكرێت بۆ ئەوەی هەمووی وەكو یەك بێت كە ئەمەیش قبووڵ نییە و هیچ بنەمایەكیشی نییە.






KDP
Top