بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن لە کەرکووک کوردی نیگەران کردووە

بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن لە کەرکووک کوردی نیگەران کردووە
بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن لە کەرکووک مشتومڕی ناوەتەوە و عەرەب و تورکمانی کەرکووک هەڵوێستی روونیان لەسەر ئەو پرسە نییە، بەڵام کورد پێداگری دەکات لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە شارەکە.

کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق سەبارەت بە ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاریداوە ئەو ئاوارانەی لە کەرکووکن فۆڕمی دەنگدانیان بۆ بنێردرێت و سەنتەریان بۆ بکرێتەوە بۆ ئەوەی دەنگبدەن، بەڵام بڕیارەکە لایەن پارێزگاری کەرکووک رەتکرایەوە.

ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، پاریزگاری شارەکە و کوردی نیگەران کردووە، لەبەر ئەوەی تا ئێستا لەو شارەدا یەک جار هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا کراوە.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت رایگەیاند:" کورد ئامادەیە ھەڵبژاردن ئەنجامبدات و ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیش گرێنتی پاراستنی پاکی ھەڵبژاردنەکەو ئاسایشی دەنگدەرانە،".

تاڵەبانی کە لە سەر پشکی یەکگرتووی ئیسلامی و کورد پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن بە وەکالەت بەڕێوەدەبات رایگەیاند ئێمە کێشەمان نییە ئامادەین بۆ ھەڵبژاردن، بەڵام برایانی تورکمان و عەرەب ھێشتا ھەڵوێستیان دەرنەبڕیووە".

بەڵام عەلی مەھدی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە لیستی بەرەی تورکمانی پێی وایە زەمینەسازی لە ئارادا نییە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک لە کەرکووک، لەم بارەیەوە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:"کەرکووک لە لایەن یەک پێکھاتەوە ئیدارە دەکرێت و بۆیە ناتوانرێت ھەڵبژاردنێکی پاک بەڕێوەبچێت، دەبێت دەسەڵات لە کەرکووک دابەشبکرێت و یاسایەکی تایبەت لە پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی کەرکووک دەربچێت، ئینجا ھەڵبژاردن بکرێت".

پێکھاتەی عەرەب بە پێچەوانەی کوردو تورکمان تاوەکو ئێستا ھەڵوێستی روون نییە، راکان جبووری جێگری پارێزگار بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی:" ئێمە تێبینیمان لەسەر شێوازی ھەڵبژاردن و دۆخی ئێستای کەرکووک و تۆماری دەنگدەران و ئەو لایەنانەی لە ھەڵبژاردن دەنگ دەدەن ھەیە، بۆیە ھیچ ھەڵوێستی فەرمی دەرنابڕین، تاوەکو ھەموو پێکھاتەکانی عەرەب لە کەرکووک بە پەرلەمانتارانی عێراق و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆنەبینەوە و بڕیارێکی یەکگرتوو نەدەین".

کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق سەبارەت بە ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاریداوە ئەو ئاوارانەی لە کەرکووکن فۆڕمی دەنگدانیان بۆ بنێردرێت و سەنتەریان بۆ بکرێتەوە بۆ ئەوەی دەنگبدەن بۆ نوێنەرانی خۆیان.

ئەم بڕیارەش بە تووندی لە لایەن نەجمەدین کەریم پارێزگاری شارەکە رەتکرایەوەو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی:" دەمەوێ خەڵکی کەرکووک ئاگاداربکەمەوە کە بەھیچ شێوەیەک یەک کەس ناتوانێت لە کەرکووک دەنگبدات بۆ ھیچ پارێزگایەکی دیکە، ئەگەر خەڵکی کەرکووک رێگەیان پێنەدرێت بەشداریبکەن لەم ھەڵبژاردنەدا و نوێنەری خۆیان ھەڵبژێرن".

لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە 2003 تاوەکو ئێستا یەک جار ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا ئەنجامدراوە، کە لە کۆی 41 کورسی ئەنجوومەن لیستی برایەتی و پێکەوەژیان 26کورسی بە دەستھێنا.





رووداو
Top