لە کرماشان بەندکراوێکی دیکەی کورد لە سێدارە درا و لە ماوەی زیاتر لە دە ڕۆژدا 42 کورد لەسێدارە دراون

لە کرماشان بەندکراوێکی دیکەی کورد لە سێدارە درا و لە ماوەی زیاتر لە دە ڕۆژدا 42 کورد لەسێدارە دراون
دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەندکراوێکی کوردیان لە شاری ڕوانسەری سەر بە پارێزگای کرماشان جێبەجێ کرد.



بەپێی هەواڵی ئاژانسی کوردپا، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، پێنج‌شەممە 2016 -8 -11هاووڵاتییەکی کورد بەناوی "حوسێن عەبدوڵڵاهی" کوڕی "حەسەن"، لە یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی شاری ڕوانسەر، بە بەشداریی بەرپرسانی ئەمنی و دادوەریی حکوومەتی ئێران لەسێدارە درا.



دەزگای دادی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ساڵی 2014 حوسێن عەبدوڵڵاهی بە کوشتنی سەرۆکی دادگای شاری ڕوانسەر، تاونبار کردبوو.



بەپێی ڕاپۆرت و وێنە بڵاوکراوەکان، هاووڵاتییانی شاری ڕوانسەر نەچوونەتە سەیری ڕێوڕەسمی سێدارەی ئەو هاووڵاتییە کوردە و لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادە نەبوون.



ڕۆژی ڕابردوو پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی زیندانییەکی کورد، چالاکانی مەدەنی و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە وەڕێخستنی کەمپەینێک، داوایان کرد ئەو هاووڵاتییە کوردە لەسێدارە نەدرێت، هەروەها داوایان لە خەڵکی ڕوانسەر کرد کە لە شوێنی ئێعدامەکە ئامادە نەبن.



حوسێن عەبدوڵڵاهی، خەڵکی گوندی سیاحەتیی "قۆڕی قەڵا"ـی سەر بە شاری ڕوانسەرە و تەمەنی 33 ساڵە.



دوای سێدارەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ئەندامێکی کۆمیسیۆنی داد و حقووقیی پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکدا لەگەڵ ئیسنا ڕایگەیاندووە کە سێدارە هیچ کاریگەرییەکی پێشگیرانەی لە کۆمەڵگەدا نەماوە.



بە گوتەی جەلیل ڕەحیمیی‌جەهان‌ئابادی، خودی مەسەلەی سێدارە بووەتە خەسارێکی بەرینی کۆمەڵایەتی، ئەمنییەتی و ئەخلاقی لە ئێران.



لە ماوەی زیاتر لە دە ڕۆژی ڕابردوودا لە ئێران نزیکەی 50 بەندکراو لەسێدارە دراون کە 42 کەسیان کورد بوون.




باسنیوز
Top