عەگید جڤیان: ئێمە یەبەشە پەروەردە دەكەین و حكومەتی عێراقیش پارەیان دەداتێ
رووداو – چیای شنگال
پێش شەڕی داعش گەریلاكانی پەكەكە لە چیای شنگال بوون، دەڵێن پێشبینی هاتنی داعشیان كردبوو بۆ ناوچەكە. ئێستا دوو ساڵ بەسەر شەڕی داعشدا تێپەڕی، شنگال و دەوروبەری بەسەر دوو هێزدا دابەش بووە: پەكەكە و پارتی. ناوچەیەكی پڕ لە بازگەی پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤان. فەرماندەكانی پەكەكە كاتێ باسی شەڕی داعش لە شنگال دەكەن دەڵێن "گەریلا و پێشمەرگە لەیەك سەنگەردا شەڕی داعشیان كردووە". لە بازگەی كەرسێ كە مەزارێكی گەورەی شەهیدانی شەڕڤانانی سەر بە پەكەكەی لێیە، فەرمانداری گشتیی پەكەكە لە شنگال عەگید جڤیان كە بە هەڤاڵ عەگید ناسراوە، چاوەڕێمان بوو بۆ سازدانی ئەم هەڤپەیڤینە كە لەڕێیەوە هەندێ پەیامی تایبەتی قەندیلی گەیاندە سەری رەش و مەبەستیان بوو لەم كاتەدا ئەو پەیامە بە پارتی بگەیێنن. هەڤاڵ عەگید دەڵێت "لەگەڵ پارتی ئامادەین لەسەر هەموو شتێك گفتوگۆ بكەین".
رووداو: پەكەكە چەندی دیكە لە چیای شنگال دەمێنێتەوە؟
قایمقامی شنگال بە موخاتەبی خۆمان نازانین
عەگید جڤیان: هەر لە رۆژی یەكەمەوە كە هاتین بۆ شنگال بۆ پاراستنی گەلی خۆمان، ئەو پرسیارەمان لێدەكرێ: پەكەكە كەی شنگال جێدەهێڵێت؟ هێشتا نەمانگوتبوو مەرحەبا. هەر لەسەرەتاوە بەڕێوەبەرایەتی ئێمە ئاشكرای كردووە كە هاتنی گەریلا بۆ رزگاركردنی شنگالە لەدەستی داعش. ئێمە هاتووین بۆ پاڵپشتیی باشووری كوردستان و گەلی خۆمان، لەسەر ئەو بنەمایە هاتووین بۆ ئێرە. دوو ساڵ بەسەر كارەساتی شنگالدا تێپەڕین، تاوەكو ئێستا 215 گەریلا و شەڕڤانمان لێرە شەهیدبوونە و یادیان دەكەینەوە. هەروەها یادی ئەو پێشمەرگانەش دەكەینەوە كە لێرە شەهید بوون. ئەو ئێزدییانەش كە لێرە شەهید بوون. دیسانەوە وەڵامی ئێمە بۆ پرسیارەكەتان ئەوەیە كە دەمانەوێ شنگال بە تەواوی رزگار بكەین و گەلی ئێزدی كە لەدەستی داعشدا ماون رزگار بكەین. ئێستاش لەسەر قسەی خۆمانین. ئێمە لێرە نیوەی ئەركی خۆمان تەواوكردووە كە رزگاركردنی شنگال و باكووری شنگال و شوێنەكانی دیكە بووە، بەڵام بەشێك ماوە و دەمانەوێ تەواوی بكەین. پارتیش بەردەوام لە ئێمە دەپرسێ كە ئایا كەی لە شنگال دەڕۆین؟ كەی تەواوی شنگال رزگار كرا و كچ و ئافرەتی ئێزدی لە دەستی داعش رزگاریان بوو، ئەوكات گفتوگۆ لەسەر مانەوە یان نەمانەوەمان لە شنگال دەكەین. هاتنی ئێمە بۆ شنگال بە ئامانجی سیاسی نەبووە، راستە هەر حیزبێك سیاسەتی خۆی هەیە، بەڵام هاتنی خۆمان بۆ مەبەستی سیاسی بەكارنەهێناوە، بەڵكو لەسەر بنەمای ئەخلاقی و مرۆڤایەتی و نەتەوەیی هاتووین و ئێستاش لەسەر قسەی خۆمانین و گەلی ئێمەش با هیچ دوودڵییەكیان نەبێ.
رووداو: ئەگەر روونتر بڵێین ئەگەر شنگال رزگار بوو، گفتوگۆی ئێوە لەسەر مانەوە یان رۆیشتنەوە دەبێ؟
عەگید جڤیان: ئێمە دەڵێین گفتوگۆ دەكەین، كۆمەڵگەی ئێزدی وەكو كۆمەڵگەی گشتیی كوردستان نییە، بەتایبەت لە رووی ئاینییەوە جیاوازە. تاوەكو ئێستا 73 فەرمانیان بەسەردا هاتووە و لەوانەش 65 فەرمان لەلایەن عوسمانییەكانەوە بووە، ئەوانی دیكە كوردی سوننە و عەرەب كردوویانە و دوایینیشیان داعش بووە. بەداخەوە تاوەكو ئێستا ئێزدییەكان ناتوانن پارێزگاری لە خۆیان بكەن. بەردەوام وا راهاتبوون كە پاراستنی خۆیان بە هێزێكی دیكە بسپێرن. ئەم ناوچەیە بۆ ماوەیەكی درێژ لە دەست عوسمانییەكاندا بووە، بەڵام 65 فەرمانیان بەرامبەریان ئەنجامداوە. ئەوەی ئێمە داوا دەكەین: ئێزدییەكان خۆیان خۆیان بپارێزن، با پەكەكە و پارتی و یەنەكە نەبێ.
لەگەڵ ئەوەین یەبەشە و پێشمەرگەی ئێزدی یەكبگرن
رووداو: پەكەكە هێزی (یەپەشە)ی لەنێو كوردی ئێزدی دروستكردووە، فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگالیش لەلایەن پارتی دروستكراوە و هەردوو لایەن ئێزدین، ئەو دوو گرووپە ناتوانن كوردی ئێزدی بپارێزن؟
عەگید جڤیان: بەڵێ بەش دەكات، با یەكبگرن، یەپەشە و فەرماندەیی شنگال كە زۆربەیان ئێزدین یەكێكیان سەر بە پارتییە و ئەوی دیكە لەسەر پەكەكە هەژمار دەكرێ. ئێمە نكۆڵی لەوە ناكەین یەپەشە لەسەر دەستی ئێمە پەروەردەیان وەرگرتووە و پێكەوە شەڕمان كردووە، ئەوانیش بیركردنەوەی سەرۆك ئاپۆ قبوڵ دەكەن. با یەپەشە و پێشمەگەری شنگال بیركردنەوەی جیاوازیان هەبێ، بەڵام با لەژێر یەك چەتردا خەبات بكەن، چونكە سیاسەتی هاوبەشیان هەیە ئەویش ئێزدیاتییە و هەموو جڤاكی ئێزدی دەڵێن ئێزیدخان، ئێزیدخان، ئێزیدخان كە ناسنامەی ئێزدییەكانە. بۆیە بۆ مەسەلەی مانەوە و نەمانەوەی پەكەكە لە شنگال لەگەڵ پارتی و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش قسەمان كردووە. ئێمە نەك تەنیا بۆ مەسەلەی شنگال بەڵكو بۆ تەواوی مەسەلەكان ئامادەین گفتوگۆ بكەین، بەڵام بە داخەوە هێشتا باش لە پەكەكە تێنەگەیشتوون.
رووداو: وەڵامی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان چی بووە لەسەر ئەوەی كە پەكەكە ئامادەیە لەسەر هەموو شتێك گفتوگۆ بكات؟
عەگید جڤیان: لەسەر ئاستی باڵا دوو جار هەڤدیتن هەبووە و نیەتی باش هەبوون، بەڵام هەڤدیتنەكان بەردەوام نەبوون، دەوڵەتی توركیا و هێزی دەرەوە دەستیان تێوەرداوە. ئێستا لەسەر ئاستی پێشمەرگە كەسانی وا هەن لەگەڵ نزیكبوونەوەن، وا نییە كە پێشمەرگە دەیەوێ شەڕ بكات، بێگومان هەندێ جار و بگرە رۆژ بە رۆژ ناخۆشی روودەدەن و ئەگەر ئێمە بەدوای ئەنجامی ئەو هەڵسوكەوتانە هەنگاومان بهاوێشتایە، شتی نەخوازراو دروست دەبوون، بەڵام ئێمە لایەنگری دانوستاندنین و نامانەوێ كێشە دروست ببێ.
دوای ئازادكردنی تەواوی شنگال گفتوگۆ لەسەر كشانەوەی پەكەكە دەكەین
رووداو: پەكەكە ئامادەیە لەگەڵ سەركردایەتیی پارتی دەست بە دانوستاندن بكات؟
عەگید جڤیان: بۆ هەموو كێشەكانی كوردستان، شنگال، رۆژئاوا، باشووری كوردستان، باكووری كوردستان، رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر هەموو كێشەیەك وەكو پەكەكە ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان و لە سەرووی هەمووشیانەوە لەگەڵ پارتی گفتوگۆ بكەین، بەرژەوەندی گەلی كورد چی بێ و ئەوەی لە ئێمە داوابكرێ ئامادەین. نموونەش هەیە، سەرۆك ئاپۆ بە ئاشكرا داوای كرد كۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێ و لایەنە سیاسییەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان پێكەوە كۆببنەوە، پێشنیازی كرد مەسعود بارزانی ببێتە سەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی، پەكەكە ئەمە رەتناكاتەوە.
رووداو: چۆن دەڕواننە داهاتووی شنگال، خەڵكی شنگال لەبەر پەكەكە و پارتی ناگەڕێنەوە و بارزانیش گوتوویەتی با شنگالێكی نوێ ئاوەدان بكرێتەوە، شنگالی ئێستا ببێ بە نموونە بۆ نەوەكانی داهاتوو؟
سەرۆك ئاپۆ بەئاشكرا گوتی مەسعود بارزانی ببێ بە سەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی و پەكەكەش ئەمە رەتناكاتەوە
عەگید جڤیان: بە دوو تێڕوانین تەماشای داوای بارزانی دەكەین. لەلایەك لە شنگال زۆر خەڵك شەهید بوون، 11 مانگ شنگال لەدەست داعشدا بوو، بە دەیان پێشمەرگە و شەڕڤان و جەنگاوەری ئێزدی شەهید بوون. گەریلا و پێشمەرگە لەپاڵ یەكدی لە یەك سەنگەردا شەڕیان كردووە، كاتێك پێشمەرگەیەك شەهید دەبوو، گەریلا نەیدەگوت ئەمە پێشمەرگەیە یان كە گەریلا شەهید دەبوو، بەهەمانشێوە پێشمەرگە نەیدەگوت ئەمە گەریلایە، ئەو رۆحەی لە سەنگەری شنگالدا هەبوو رۆحێكی نەتەوەیی بوو لەنێوان پێشمەرگە و گەریلا، بەڕاستیش هەر وابوو. ئێمەش لەگەڵ پێشنیازی بارزانین كە شنگال ببێتە بە سیمبولی یەكێتیی نەتەوەیی كورد كە سەرباری جیاوازیی بیركردنەوە، بەڵام یەكەمجارە هەستی نەتەوەیی بەهێز بووە. دووەم: داعش شنگالی تێكدا با بمێنێ. ئێمە ناڵێین لە شنگال بە تەنیا پەكەكە شەڕی كردووە، وەكو پێشمەرگە كە بەداخەوە دەڵێن بەس ئێمە شەڕمان كردووە. من پێشنیازم بۆ سەركردایەتی پەكەكە كردووە، شنگالی كۆن كە شەڕێكی زۆرمان تێدا كردووە، بكرێتە مۆزەخانەیەك، هەروەها قەڵای شنگال كە پێشمەرگە لەوێ شەڕێكی زۆری كرد، ئەویش ببێ بە مۆزەخانە. شنگالی ئێستا وەكو خۆی بمێنێتەوە، شنگالێكی دیكە لەسەر چیای شنگال دروستبكرێ. ئەوكات هەر هێزێك دەیەوێ هێرش بكات با بیكات.
لەگەڵ پێشنیازی بارزانین شنگال وەك خۆی بمێنێ و شنگالێكی نوێ دروست بكرێ.
رووداو: حكومەتی عێراق دەڵێ هاوكاریی ماددی و مووچەی مانگانە و بگرە چەك و تەقەمەنی بۆ یەبەشە دەنێرێ؟ ئایا ئەو یارمەتییە چەندە و چۆنە؟
عەگید جڤیان: راستە حكومەتی عێراق یارمەتی دەنێرێ، بەڵام بۆ پەكەكە نییە بۆ یەپەشەیە. عێراق قانونی خۆی هەیە، كێ بۆ خاكی عێراق شەڕبكات پارە دەدەن، یەپەشە لە دەوڵەتی عێراق یارمەتی دارایی وەردەگرن، ئەویش هەندێك مانگ دەیدەن و هەندێك مانگ نادرێ و هەندێك مانگیش كەمی دەكەنەوە، بەڵام هیچ جۆرە چەكێكیان لە حكومەتی عێراق وەرنەگرتووە.
رووداو: پەكەكە وەكو هێزێك لە شنگال هەیە، قایمقامیەتی شنگالیش هەیە، ئەوان گلەیی دەكەن كە پەكەكە ئیعتراف بە ئیدارەی شنگال ناكات، بۆچی؟
عەگید جڤیان: ئێمە قایمقامی شنگال تەنیا لەسەر تەلەڤزیۆن دەبینین، ئەوەندەی لەسەر تەلەڤزیۆن دەردەكەوێ با رۆژێكیش بێتە لای ئێمە. كاتی خۆی لە 2014 گوندی بارێ (رۆژهەڵاتی شنگال) لەلایەن گەریلاكانی پەكەكەوە كۆنترۆڵ كرا. كەچی مەحما خەلیل هاتە سەر تەلەڤزیۆن و گوتی ئێمە بارێمان گرت. قایمقام با لەگەڵ یەپەشە دانوستاندن بكات، قایمقام موخاتەبی ئێمە نییە لەگەڵی دابنیشین. ئێمە لێرە لەگەڵ پێشمەرگە دانوستاندن و گفتوگۆ دەكەین.
لەسەر مان و نەمانی پەكەكە لە شنگال لەگەڵ پارتی و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش قسەمان كردووە
رووداو: پەكەكە لەگەڵ پرۆسەی ئاشتییە لە توركیا؟
عەگید جڤیان: لە نەورۆزی 1993 سەرۆك ئاپۆ رایگەیاند كە ئامادەیە لەگەڵ توركیا پرسی كورد بە رێگەی دیالۆگ چارەسەر بكات. قسەی هەرە كۆتایی سەرۆكایەتی پەكەكە ئەوەیە تاوەكو 100 ساڵی دیكە لەگەڵ توركیا شەڕ بكەین كۆتایی هەر ئاشتی دەبێ. فەلسەفەی پەكەكە فەلسەفەی سەرۆك ئاپۆیە. ئێستاش مامەڵەی زۆر خراپ لەگەڵ سەرۆك ئاپۆ دەكرێ، بەڵام ئەگەر لەگەڵ سەرۆك ئاپۆ دەست بە هەڤدیتن بكرێتەوە دیسان سەرۆك داوا دەكات كێشەی كورد لەڕێگەی ئاشتی چارسەر بكرێ. چونكە لە دنیادا ئەوەی زیاتر داوا دەكات كە شەڕ بوەستێ، ئەوانەن كە شەڕ دەكەن، جگە لە داعش كە مرۆڤ نین. ئێمەش داوا دەكەین شەڕ بوەستێ، بەڵام ناكرێ دوژمنت بڵێ نابێ بوونت هەبێ.
رووداو
