نەجات عەلی: ئەفسانەی داعش لە مەخموور تێکشکێندرا

نەجات عەلی: ئەفسانەی داعش لە مەخموور تێکشکێندرا
لە مەخموور رێوڕەسمێک لەیادی دووساڵەی کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەکە، بە بەشداری فەرماندەکانی پێشمەرگە بەڕێوە چوو، دوو ساڵ لەمەوبەر شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی مەخموور دەستی پێکرد، لە ماوەی چەند کاژێرێکدا مەخموور کۆنترۆڵکرایەوە.

نەجات عەلی، بەرپرسی میحوەری مەخموور، لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "بەڵانسی هێز لەنێوان داعش و هێزەکانی پێشمەرگە بە تەواوەتی گۆڕانی بەسەرداهات، لەو رۆژەی داعش لە مەخموور تێکشکا، لەو کاتەوە داعش کەوتە حاڵەتی بەرگری و پێشمەرگە کەوتە حاڵەتی هێرشبردن".

بەبڕوای بەرپرسی میحوەری مەخمووری هێزی پێشمەرگەی کوردستان "لەو رۆژەوەی داعش لە مەخموور تێکشکێندرا، پێشمەرگە رۆژبەڕۆژ داستانی گەورەتری تۆمارکرد و توانی ئەو ئەفسانەیەی سەرەتا داعش دروستی کردبوو، تێکبشکێندرێت، بۆیە ئێستا پێشمەرگە بە ئەزموونێکی زۆر لە شەڕی داعش و بە مەعنەویاتێکی گەورەوە، شەڕی داعش دەکات".

نەجات عەلی، بەرپرسی میحوەری مەخموور، دەشڵێت: "ئەگەر ئێمە پلانی ئەوەمان هەبا زیاتر بەدوای داعشدا بڕۆین و زیاتر دووریان بخەینەوە، دەمانتوانی، بەڵام بەرنامە و پلانی ئێمە لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و جەنابی سەرۆک ئەوەبوو، تەنیا لەو ناوچانەی ئێستا کە ناوچەی کوردستانین و لە ڕووی سەربازییەوە بۆ ئێمە گرنگن، لەو ناوچانە بمێنینەوەو پێشڕەوی زیاتر نەکەین".





رووداو
Top