ڕەنگە دوا چارەسەر گەڕانەوە بێت بۆ یەکەمین پێشنیازی بارزانی
لەم ماوەیەدا، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەستپێشخەرییەکی نوێی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەیە و هەوڵدەدات کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش د. فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەردانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی کردووە.
لەمبارەیەوە ئەمڕۆ چوارشەممە 10\8\2016، محەمەد رەفعەت، سەرکردەی یەکێتی و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بەدیلی بۆ دۆخی کوردستان هەیە، ئەگەر هاتوو دەستپێشخەرییەکەی بارزانی سەرکەوتوو نەبوو، ئەوە دەستپێشخەریی خۆی دەخاتەڕوو کە باشترین ئەگەر یان پێشنیار، هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، بەڵام پارتی ئاستەمە بەمە ڕازی ببێت".
ئەمە لە کاتێک دایە کە هەر لەسەرەتای پەیدابوونی گرژیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشنیازی بۆ لایەنەکانی کوردستان کرد، یان هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، یان لەنێو خەڵک ڕاپرسی بکرێت، یانیش دۆخەکە تا هەڵبژاردنی داهاتوو وەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، پێشنیازەکەیان ڕەت کردەوە، بەڵام بە گوتەی سەرکردەکەی یەکێتی، ئێستا نەوشیروان مستەفا بیر لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکاتەوە.
لە بەرامبەردا، نیاز حاجی، چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: “ئەگەر ئەم قسەیە ڕاست بێت و نەوشیروان مستەفا داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات، ئەوا لەسەر داوای ئەو وڵاتانەیە کە دژی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانن”. گوتیشی: “یەکێک لە ئامانجەکانی ئێران، دروستکردنی جیاوازی و ململانێی سیاسییە لە کوردستان، گرفتی بۆ سەربەخۆیی دروستکردووە”. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران دەیەوێت بەم پڕۆژانە، گرفت بۆ سەربەخۆیی کوردستان دروست بکات”.
باسنیوز
