پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان ترافیك لایتی تێدا نییە
مەنزەر عەلی باسام، سەرۆكی ئەنجومەنی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە، ڕایگەیاند: "سیستەمی هاتوچۆو و ڕێگاوبان بە ژێرخانی ئابووری و سیمای شارستانی هەر شارێك دادەنرێت، ئەمەش لە پێناو كار ئاسانی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان و ئەنجامدانی جموجوڵ و چالاكی ڕۆژانە بە شێوەیەكی باش، بەڵام ئەم سیستەمە لە هەڵەبجەدا وەك پیویست نییە و گرفتی دروستكردووە".
سەرۆكی ئەنجومەنی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە، گوتیشی:"پێویستە سیستەمی ترافیك لە شەقامە سەرەكییەكانی هەڵەبجەدا بوونیاد بنرێت، چونكە یەكێكە لەو بنەمایانەی ، كە بەو هۆیەوە شار و گوندی پێی جیادەكرێنەوە، ئەگەر بە بنەماكانی شاربوونیش هەڵەبجە پێوانە بكەین، دەتوانین بڵێن هەڵەبجە گوندێكی گەورەیە".
موقەدەم فازیل حەمەئەمین، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "بۆ دانانی سیتەمی ترافیك كارمانكردووە و لە ئایندەدا دایدەنێن".
هەڵەبجە لە 13/3/2014 لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە فەرمی كرایە پارێزگا و لە ئێستا ڕێژەی دانیشتوانی ئەو پارێزگایە 112 هەزار كەسە.
باسنیوز
