بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک: داعش بەم دواییانە دەیەوێت ئابووریی کوردستان بکاتە ئامانج
د. محەمەد خورشید، ئهندامی ئەنجومەنی سهركردایهتیی كهركووك _ گهرمیانی پارتی دیموکراتیی کوردستان،رایگەیاند: “تیرۆرستانی داعش لەم دواییانە پەنایان بردووەتە بەر لێدان لە ئابووریی کوردستان و تەقاندنەوەی بیری نەوت و کێڵگە نەوتییەکان”. ڕوونیشی کردەوە: “داعش سەرچاوەی دارایی کوردستانی بە ئامانج گرتووە، تا باری سەرشانی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە قورستر ببێت”.
محەمەد خورشید جەختی لەوە کردەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێزی کۆتاییهێنان بە داعشە و تاکە هێزە کە لە شەڕی مووسڵدا زۆر کاریگەری دەبێت، بۆیە داعش دەیەوێت لە ڕێگای زیانگەیاندن بە ئابووریی کوردستان، زیان لە پێشمەرگە بدات.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، ئەوەشی ئاشکرا کرد: “داعش دەیەوێت پشتیوانیی عەرەبەکانی نزیک کێڵگە نەوتییەکان زیاتر بەدەست بهێنێت و دواتر کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەنجام بدات، تاوەکوو پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لەو عەرەبانە قەبوڵ نەکەن و دواتر بڵێن دەسەڵاتی کوردستان نایەوێت پێکەوەژیان لەو سنوورانە هەبێت”.
لە کۆتاییشدا محەمەد خورشید جەختی لەوە کردەوە کە پێشمەرگە سەرجەم ناوچەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک دەپارێزێت و گوتی: “داعش هەرچەندە هەوڵیش بدات، بەڵام ناتوانێت بە ئامانجی خۆی بگات و لە سایەی پێشمەرگەوە، داعش ناتوانێت زیان لە خەڵک و خاک و ئابووریی کوردستان بدات”.
باسنیوز
