دەوڵەتی یاسا داوا لە بارزانی دەکات واز لە سەربەخۆیی کوردستان بهێنێت
پاش ئەوەی بەشێک لە ئەندامانی دەوڵەتی یاسا، داوایان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، واز لە پرسی ڕیفراندۆم و دیاریکردنی چارەنووسی کوردستان بهێنێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 10\8\2016، د. محەمەد ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند: “کورد لە مێژووی خۆیدا بێبەش کراوە لەو مافانەی کە هەر نەتەوەیەک هەیەتی و هەموو نەتەوەیەک مافێکی سرووشتیی خۆیەتی بگاتە ئاواتی خۆی، بەڵام ئەمرۆ واقعی عێراق وایە کە هەموو دەوڵەتان دەیانەوێت فشارێک دروست بکەن کە جارێ بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، ئەوەش لەسەر هەندێک بنەما، لەوانە جێگیرکردنی مافە دەستورییەکانی کورد لە دەستووردا و عێراق عێراقێکی تەوافوقی بێت و پابەندبن بە دەستوورەوە، جگە لەوەی جۆرێک لە هەماهەنگیی نیشتمانی هەبێت و کورد بە مافە ڕەواکانی خۆی بگات”.
ئەوەشی ڕوونکردەوە کە عێراق هیچ بە دەستوورەوە پابەند نییە و هەموو تەوافوقێکیشی خستووەتە ژێر پێی و گوتی: “ئەگەر ئەم عێراقییانە پابەند نابن بە دەستوور و مافی گەلی کوردستان نادەن، کورد مافی خۆیەتی بیر لە بژاردەی دیکە بکاتەوە، چونکە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی یاسادا، کورد بێ بەشکرا لە عێراق و لە شایستەی خۆی، ئێستا ئەوان دووبارە دەیانەوێت پێمان بڵین لە عێراق بن؟ عێراق کەڵکی ئەوەی نەماوە بۆی بگەڕێینەوە”.
باسنیوز
