دەمیرتاش بە توندی وەڵامی هاوسەرۆکی کەجەکە دەداتەوە
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (جومهورییەت)ی تورکی، رایگەیاندووە، کە ئەگەر رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ رێککەوتنێکی باش ئامادە بێ، ئەوا ”دەرگای هەدەپە هەموو کات کراوەیە“.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، کە هاوکات پەرلەمانتاری تورکیایە، باسی لەوە کردووە، کە ئەردۆغان پێویستیی بە دوژمن و رکابەرێک هەیە، کە هەدەپەیە، ”ئەردۆغان بەبێ دوژمن و نەیار، خۆی راناگرێ“.
هاوسەرۆکی هەدەپە هەروەها وەڵامی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکەی داوەتەوە و رایگەیاندووە، ”قبوڵ ناکەین و ناشمانەوێ شەڕ بەرفراوان بێ“ و بە پێویستیشی زانیوە، کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ”ئومیدی ئاشتی دروست بکات نەک شەڕ“.
پێشتر جەمیل بایک هەڕەشەی لە حکوومەتی تورکیا کردبوو، کە ئۆپەراسیۆن و چالاکییەکانی گەریلاکانیان دەبەنە ناو شارەکانی تورکیا و کوردستانی باکوور و فراوانتریان دەکەن.
باسنيوز
