پەرلەمانتارێکی تورکمان: دەبێت نەوشیروان مستەفا و گۆڕان ڕوونکردنەوە بدەن
ئەمڕۆ چوارشەممە 10\8\2016، مونا قەهوەچی، سەرۆکی لیستی چاکسازی و پێشکەوتنی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “قسەی هەندێک لە هەڵسووڕاوانی نزیک لە نەوشیروان مستەفا، بەرانبەر بە پێکهاتەی تورکمان، مەترسیدارە، چونکە چۆن خەڵکی کوردستان مافی خۆی هەیە، ئاواش پێکهاتەی تورکمان وەک نەتەوەی دووەم لە کوردستان مافی خۆیان هەیە، ئەو مافە لە دەستوور ئاماژەی پێ دراوە”.
ئەو پەرلەمانتارە تورکمانە داوای لە نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کرد: “لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسی راگەیاندنی گۆڕان بکات، چونکە سووکایەتی بە پێکهاتەی تورکمان کردووە و نیشانەی ئەوەیە کە نایانەوێت لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکان بژین”. گوتیشی: “دەبێت نەوشیروان مستەفا داوا لە بەرپرسی راگەیاندنی گۆڕان بکات، داوای لێبووردن بکات لە پێکهاتەی تورکمان و ڕوونکردنەوەی تەواومان بداتێ".
قەهوەچی پێی وایە، ناکرێت لەپاڵ نەوشیروان مستەفا، کەسانێک سووکایەتی بە “پێکهاتەیەکی گرنگی کوردستان” بکەن. دەشڵێت: “هەر لایەنێک دژایەتیی پێکهاتەکەمان بکات، ئەگەریش داوای لێبووردنمان لێ نەکەن، سکاڵا لەسەر ئەو لایەنە تۆمار دەکەین لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لەدادگاکانی خۆماندا، چونکە پێکهاتە جیاوازەکان هۆکاری سەقامگیرین لە کوردستان، بۆیە داوادەکەین کە نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆران ڕوونکردنەوە لەو بارەوە بدەن”.
باسنیوز
