ئەحمەد جبووری پارێزگاری سەڵاحەدین : ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی مووسڵ نزیک بووەتەوە
رۆژی چوارشەممە 10ـی ئابی 2016، ئەحمەد جبووری، پارێزگاری سەڵاحەدین راگەیاند، کە پێشبینی دەکەن لەگەڵ دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، 400 هەزار هاووڵاتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ ئاوارەی پارێزگای سەڵاحەدین ببن.
ئەحمەد جبووری هەروەها رایگەیاند، کە هەموو یەکە ئیدارییەکانی پارێزگاکەی خراونەتە ئامادەباشییەوە و پلانی پێشوازی کردن لە ئاوارەکان دانراوە.
پارێزگاری سەڵاحەدین هەروەها رایگەیاند، کە فەرماندە ئەمنییەکان و میلیشیاکانی حەشدی عەشائیری پێیان راگەیاندووە، کە ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ نزیک بووەتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز
