پەکەکە داوای دروستکردنی ئەنجومەنێکی سەربازی و سیاسی لە یەکێتی و گۆڕان دەکات

پەکەکە داوای دروستکردنی ئەنجومەنێکی سەربازی و سیاسی لە یەکێتی و گۆڕان دەکات
لەمیانەی کارێکی زۆر خراپەوە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە قەندیل، سەرکردایەتیی PKK پێشنیازی ئەوەی بۆ یەکێتی و گۆڕان کردووە، ئەنجومەنێکی ھاوبەشی سەربازی و سیاسی لەنێوان ھەرسێ لایەن پێک بھێندرێت و خۆیان لەدژی پارتی بەهێزبکەن.

لە کۆتایی مانگی تەمووزی رابردوودا، شاندێکی ھاوبەشی یەکێتی و گۆڕان بە سەرکردایەتیی حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. ئیسماعیل، بەرپرسی ژووری توێژینەوەی یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان، سەردانی قەندیلیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە کۆ بوونەتەوە و باسی ھاوئاھەنگی و بەرەوپێشبردنی پێوەندییەکانی نێوانیان کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، سەرکردایەتیی پەکەکە لەو کۆبوونەوەیەدا پێشنیازی دامەزراندنی ئەنجومەنێکی ھاوبەشی سەربازی و سیاسییان کردووە، کە لەنێوان گۆڕان و یەکێتی و پەکەکەدا بێت.

ئەو ھەوڵە لە کاتێکدایە کەوا ماوەیەکە رێکخستنەکانی پەکەکە لە ناوچەکانی سلێمانی و رانیە و پشدەر چالاکییەکانیان فراوانتر کردووە و بە جۆرێک کار دەکەن، چەندین منداڵ و مێردمنداڵیان لە ناوچەکە بردووە بۆ کاری چەکداری و ھەروەھا لە ھەندێ خاڵی سنووری گومرگ وەردەگرن، جیا لەوەی ھەندێ کێشەشەیان بۆ پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دروست کردووە.

بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان، حکوومەتی تورکیا چەند جارێک ھۆشداریی داوە بە یەکێتی، کە وا پێوەندییەکانی یەکێتی و پەکەکە بۆ دژایەتیی تورکیا نەبێت، ھەرچەند ھەندێ لە بەرپرسانی یەکێتی ئەمەیان رەت کردەوە.

پێوەند بەم زانیارییانە، محەمەد عەبدوڵا، ھاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، کە باڵێکی پەکەکەیە و لە سلێمانی چالاکە، رایگەیاند، پەکەکە خۆشحاڵە بە نزیکبوونەوە و رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی، گوتی: "یەکێتی و پەکەکە ھێزی سەربازیی جیاوازیان ھەیە و نزیکایەتییان ھەیە و دەکرێت ئەنجومەنی سەربازیی ھاوبەش لەنێوانیاندا ھەبێت و سەرکردایەتیی پەکەکەش زۆر خۆشحاڵە بە رێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی".

ئەو ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان پێیان باشە ئەنجومەنی سیاسی و سەربازی لەنێوان یەکێتی و گۆڕان و پەکەکەدا ھەبێت، گوتیشی: "ئەوەی بە ئێمە بکرێت بۆ یەکخستنی نێوماڵی کورد و بەدیھێنانی ئەو ئەنجومەنە ھاوبەشە، دەیکەین".

ھاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی جەختی کردەوە، بە پێویستی دەزانن چۆن یەکێتی و گۆڕان رێککەوتنیان کردووە، ھەردوولا بتوانن رێککەوتنی ھاوبەش لەگەڵ پەکەکە ئەنجام بدەن.

گوتیشی: "بۆ کورد گرنگە سەرکردایەتیی ھاوبەش لەنێوان یەکێتی و گۆڕان و پەکەکە دابمەزرێت، بە تایبەت لە رووی سەربازییەوە.

پێشتر چەند جارێک و لە چەند بۆنەیەکدا، بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە رایان گەیاندووە، تەنیا ھێزی پێشمەرگە ھێزی سەربازیی کوردستانە و تاکە ھێزی دانپێداندراوە و ھێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نایاسایین.

رەھبەری سەید برایم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەوەی خستە ڕوو کە وا ھیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو سەردانە و پێشنیازەکەی سەرکردایەتیی پەکەکە بۆ یەکێتی نییە.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ڕوونی کردەوە، لە قۆناخی ئێستادا بە لای یەکێتی رێکخستنی نێوماڵی کوردستانی و دوورخستنەوەی ململانێکان گرنگیی پێ دەدرێت.

بەڵام عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی رایگەیاند، دژی ھەر ئەنجومەنێکی سەربازیی ھاوبەشین کە دژی ھێزە کوردستانییەکان دروست بکرێت، گوتی: "دامەزراندنی ئەنجومەنێکی ھاوبەشی سەربازی بەرامبەر ھێزە کوردستانییەکان کارێکی زۆر خراپە و دژی دەوەستینەوە“.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی پێیوایە، پاوانخوازیی پەکەکە ھۆکار بووە بۆ پەکخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و کۆکردنەوەی ھێزەکانی کوردستان لە یەک بەرەدا.
ھەروەھا ئەحمەد کانی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی کوردستانی و عێراقیی پارتی ”گۆڕان و PKK خەریکی ئەوەن لە ناوچەی پشدەر و رانیە و قەڵادزێ و گەرمیان شتێک بکەن، پێگەی یەکێتی لەو ناوچانە لاواز بێت“. بەڵام ئەم لێدوانە بەر لە رێککەوتنی سیاسیی نێوان یەکێتی و گۆِران بوو.



رووداو
Top