قادر عەزیز لەسکرتێری حزب بۆ مەڵبەندی یەکێتی نزمبۆوە
رۆژی چوارشەممە 10-8-2016 لە شاری سلێمانی لە رێوڕەسمێکدا حیزبی ئایندەی کوردستان لەبەر قەیران چووە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
سەرچاوەیەک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند:" دوای هاتنی ئایندە بۆ ناو یەکێتی.. بڕیارە قادر عەزیز بکرێتە لێپسراوی مەڵبەندی سێی یەکێتی لە ھەولێر، چونکە ئەو خۆی خەڵکی ھەولێرە لە رووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە شارەزایەو جگە لەوە لە سەردەمی شۆڕش لە پێشمەرگەو کادیرانی یەکێتی نزیک بووە".
سەبارەت دروستبوونی ئەگەری گرژی لە نێوان یەکێتی و پارتی لە ھەولێر ئەو سەرچاوەیە گوتی:" یەکێتی حسابی ھەستیاری دۆخی ھەولێر دەکات، ئەگەر لە رابردووش لە نێوان ھەڤاڵ قادر عەزیز و پارتی گرژییەک ھەبووبێت لە دوای یەکگرتنەوەی لەگەڵ یەکێتی نامێنێت، چونکە لەمەودوا ئەو سەرکردەیەکی یەکێتییە نەک سکرتێری حیزبی ئایندە".
د.رێبوار ئیسماعیل جێگری مەڵبەندی ھەولێری یەکێتی رایگەیاند:" تاوەکو ئێستا ھیچ زانیارییەکمان لە بارەی ئاڵوگۆڕی بەرپرسی مەڵبەند نییە، بەڵام ئەگەر شتێکی واش ھەبێت زۆر ئاساییە، چونکە دانانی بەرپرسی مەڵبەندەکان لە دەسەڵاتی مەکتەبی سیاسییە".
رۆژی 2-8-2016 لە شاری سلێمانی حیزبی ئایندەی کوردستان بە بەشداری ٣٢٠ ئەندام پیلنیۆمی بەست بە فەرمی یەکگرتنەوەی خۆی لەگەڵ یەکێتی راگەیاند، جگە لە وەرگرتنی ژمارەیەک پۆستی حیزبی لە نێو یەکێتی، بڕیارە قادر عەزیز سکرتێری حیزبی ئایندەی کوردستان بکرێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و رۆڵی کارگێر ببینێت.
رووداو
