عومەر عینایەت: وەرنەگرتنی پۆستی پارێزگار بەسەر گۆڕاندا دەشکێتەوە
عومەر حاجی عینایەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، روونکردنەوە لەسەر ئەو گوتارەی دەدات، کە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردوەتەوە، کە تێیدا دەڵێت: "رێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی وەک پێویست بەرەوپێش ناچێت".
عومەر عینایەت، دەڵێت: "سەرنجی زۆرم هەبوو، بەڵام بێدەنگیم هەڵبژارد، تەنیا ئەوەی روویداوە نووسیومە، ئەگینا کۆمێنتی خۆمم لەسەر ئەوەی رووی نەداوە، نەنووسیوە، ئەوەی روویداوە بە بۆچوونی من رێککەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی ئەگەر ئەو دوو ئامانجەی بپێکابا، کە بریتین لەوەی ئەم چەقبەستووە سیاسییە بکاتەوەو پەرلەمان و حکومەت وەک جاران کارا ببێتەوە، لەگەڵ دەربازبوونی لەو قەیرانە داراییە، ئەوە کارێکی باشە، بەڵام وا بۆ نزیکەی سێ مانگ دەڕوات، ئەو رێککەوتنە هیچ یەکێک لەو دوو ئامانجەی وەک پێویست نەپێکاوە".
عومەر عینایەت، دەشڵێت: "زۆربەی زۆری سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان، کە لە جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی پێکدێن، بە تەواوەتی بە رێککەوتنەکە رازین، بەڵام ناڕازی هەیە لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا، بنکەی جەماوەرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆربەی زۆریان، ئەگەر نەڵێم هەموویان رازین و ئەم رێککەوتنەیان پێ باشە، بەڵام لە بنکەی جەماوەری گۆڕاندا ناڕازی هەستی پێدەکرێت".
عومەر عینایەت، پێیوایە سەردانی بە تەنیای یەکێتی بۆ لای پارتی و پێشوازیکردنیان لە فوئاد حوسێن و سەردانیان بەجیا بۆ ئێران "جۆرێکە لە پاشەکشەکردن و خۆدزینەوە لەو رێککەوتنەی لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا هەیە".
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە :"دەبوایە هەردوولایەن چۆن لەسەرەتاوە سووربوون لەسەر ئەوەی پێکەوە سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکەن، کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان قەبووڵی نەکرد، یەکێتی سەردانی نەکردبایەو بزووتنەوەی گۆڕانی جێنەهێشتبایە، بەڵام ئەوەبوو شاندی یەکێتی نێشتمانی کوردستان چوون سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد، کاتێکیش دکتۆر فوئاد حوسێنیش هاتە سلێمانی دەبوایە پێکەوە پێشوازیان لێبکردایە، بەڵام بەجیا پێشوازیان لێیکرد".
سەبارەت بە چوونی شاندی یەکێتی بۆ ئێران، عومەر عینایەت، دەڵێت: "ئەوەی لەگەڵ یەکێتی رێککەوتنی لەسەر کراوە، لە رێککەوتنی ستراتیژی گرنگترە، ئێمە هەست دەکەین یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەتەنیا شاندێکی ناردووە بۆ ئێران، بەڕای من دەبوایە لەو شاندە، بەلایەنی کەمەوە چەند ئەندامێکی بزووتنەوەی گۆڕانی تێدابووایە".
سەبارەت بە دەنگی ناڕازی لە بنەکەی جەماوەری بزووتنەوەی گۆڕان، عومەر عینایەت، ئەوە دەخاتەڕوو "زۆربەی زۆری جەماوەری بزووتنەوەی گۆڕان لە هەناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە هاتووەتە دەرەوە، راستە کەوادیرمان هەیە لەناو یەکێتی نەبووە، ئەوان ناڕازین لەبەر ئەوەی ئەو ئیدارەیەی وڵات و ئەو گەندەڵیانەی کە لە هەرێمی کوردستان روویداوە، راستە پشکی شێر بەر پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەوێت، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێبەش نییە و ناکرێت بەو رێککەوتنە، ئیتر ئێمە چەکێکی پاکبوونەوە بدەین بەدەست یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو هەموو گەندەڵییەی لە 25 ساڵی رابردوو کراوە، بەو رێککەوتنە ئەوانی لێ پاک ببێتەوە".
سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە، عومەر عینایەت، دەڵێت: "رۆژی 19ی 8 پۆستی پارێزگاری سلێمانی کۆتایی دێت، پێویستە دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون وەربگرێت، ئەگەر لەڕووی ئیداری و تەکنیکییەوە هەندێک گرفت هەیە، ئەو گرفتانەیە نەیێنە پێش، ئەوا مافی سرووشتی خۆمانە، ئەگەرچی چوار ساڵەکە مافی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، دەبوو پێشتر ئەو پۆستە بدرابووایە ئێمە، بەڵام بە رێککەوتن و سازان کرا بە دوو ساڵ بە دوو ساڵ".
لە ئەگەری رادەستنەکردنەوەی ئەو پۆستەش، عومەر عینایەت، بە پێویستی دەزانێت " بزووتنەوەی گۆڕان روونکردنەوەی تەواو بە لایەنگرەکانی خۆی بدات، چونکە وەک ئەوەی ئاگادار بم خەڵکیش چاوەڕێی ئەوە دەکات ئەو پۆستە بدرێتە دەست بزووتنەوەی گۆڕان، ئەگەر ئەو پۆستەش بە گۆران نەدرێت، ئەوا بە سلبی بەسەر بزووتنەوەی گۆڕاندا دەشکێتەوە".
رووداو
