لە سەنگاو هێزێکی چەکداری نەناسراو لە چیای ئاژداخ بڵاوبوونەتەوە

لە سەنگاو هێزێکی چەکداری نەناسراو لە چیای ئاژداخ بڵاوبوونەتەوە
لە شاخێكی نزیك ناحیەی سەنگاوی سەر بە قەزای چەمچەماڵ گرووپێكی چەكدار بڵاوبوونەتەوە، كە گوماندەكرێت سەر بە داعش بن.

چیای ئاژداخ دەكەوێتە نزیك ناحیەی سەنگاوی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و 60 كیلۆمەتریش لە شارۆچكەی دەربەندیخان دوورە.

هێڤیدار ئەحمەد، پەیامنێری رووداو چووەتە گوندەكانی نزیك لە چیاكە و قسەی لەگەڵ گوندنیشینەكان كردووە. ئەوان دەڵێن، چەكدارەكانیان بینیووە و سەر بە داعشن.

ئەو شوێنەی كە چەكدارەكان تێیدا بڵاوبوونەتەوە، 10 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری سەنگاو، هێزێكی ئەمنی زۆریش لە ناوچەكە جێگیركراون.

بەگوتەی خەڵكی ناوچەكە، ئەو چەكدارانە ژمارەیان نزیكەی 20 كەسە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی رووداو ژمارەیان دەگاتە 40 چەكدار، كە بەشێكیان كوردن و لە ئەوروپاوە گەڕاونەتەوە.

خەڵکی گوندی کەلەڕەشە، نزیکترین گوند لە چیای ئاژداخ، قسەیان بۆ رووداو كردووە و زانیاری وردیان هەیە لە سەر ژمارەی چەکدارەکان و ئەوانەی تاوەکو ئێستا لێیان دەستگیرکراون.

بەگوێرەی زانیارییەکان ژمارەیەك كەس لە گوندەکانی تیمار، ژاڵە و قەڵا دەستگیرکراون، کە پەیوەندی راستەوخۆیان بەو گرووپەوە هەبووە.

خەڵکی ناوچەکە دەڵێن چیای ئاژداخ چیایەكی سەختە، ئەشکەوتی زۆری تێدایە، ئەو گرووپەش هەندێک دەڵێن داعشن و هەندێکیش دەڵێن نەقشبەندین.

هاونیشتمانییەكی ئەو گوندە دەڵێت، خەڵکی ناوچەکە هەموویان چەکیان هەڵگرتووە، بۆ ئەوەی بەرگریی لە ماڵ و منداڵی خۆیان بکەن.




rudaw
Top