سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە

سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە
ئەمشەو مارک رووتە سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. ئەمەش دوای ئەوەی هەر ئێوارەی ئەمڕۆ لە یەكەم سەردانیدا گەیشتە هەرێمی كوردستان.


مارک رووتە ئێوارەی ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ھەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی و فوئاد حوسێن و بەرپرسانی ترەوە پێشوازی لێ کرا.


بەپێی زانیارییەکان، سەرۆک وەزیرانی ھۆڵەندا بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوا پێشھاتەکانی شەڕی دژ بە داعش و شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات، بڕیارە لەم سەردانەدا پرسی ئاوارەکانیش وەک قەیرانێک تاوتوێ بکرێ.


ئەمە یەکەمین سەردانی سەرۆکوەزیرانی ھۆڵەندایە بۆ ھەرێمی کوردستان.


ھۆڵەندا یەکێکە لە وڵاتانی نێو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات.


حکوومەتی ھۆڵەندا لە ٨ی مانگی شوباتی رابردوو رایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی نزیکەی ھەزار و ٣٠٠ ھێرشی ئاسمانیان کردووەتە سەر رێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا.
Top