مەحمود سەنگاوی: دەبێ لە پاش شەڕی داعش چاوەڕێی شەڕی شیعە بکەین
مەحمود سەنگاوی كە فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری ھێزی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە دەڵێ "ئەوانەی دوێنێ بەناوی رژێمی بەعسەوە کیمیابارانی ھەڵەبجەیان کرد، ئەمڕۆ بەسەر و سیما و جلوبەرگێکی دیکەوە لەژێر ناوی داعشدا رۆژانە رۆڵەی کورد شەھید دەکەن".
سەنگاوی گوتی "بۆ ئاگاداریی ھەموو لایەک، میللەتەکەمان لەمەترسیدایە، ئەگەر ئەو مەترسییە جارێکی تر وەک ساڵی ١٩٧٥ بەسەر میللەتەکەماندا بێت، ئەو کاتە ھەموو سەرکردایەتی سیاسیی کورد وەکو خائین تەماشا دەکرێن، بۆیە سەردەمی ئەوەیە لایەنە سیاسییەکان یەک بگرن، ھێز و تواناکانمان یەک بخەین، بەگژ دوژمنان و داگیرکارانی ئەم وڵاتەدا بچینەوە، نەک دەسەڵات و دەسەڵات پاوانکردن وامان لێ بکات کە دوژمنانی میللەتەکەمان لەبیر بچێتەوە".
لە درێژەی قسەکانیدا سەنگاوی گوتی "ئەبوبەکر بەغدادی و ھەموو ئەوانەی کە بەناوی دینی ئیسلامەوە، دەوڵەتی ئیسلامی دروست دەکەن، ھەمان کۆنە بەعسیەکانن، کە لە ساڵی ١٩٨٨ ھەڵەبجەیان وێران کرد، ئەو شیعانەش کە خۆشەویستن لای ئێمە، ئێستە بەرنامە دادەنێن بۆ ئەوەی کە ئایا دوای نەمانی داعش چۆن پەلامارمان بدەن، ئەفسەرێکی گرووپی خوراسانی لە شارەدێی گوڵاڵە پێی گوتم شانازی بەوە دەکەم دوای نەمانی داعش، لە دژی ئێوە شەڕ بکەم و لە کەرکوکدا بکوژرێم".
لە کۆتایی قسەکانیدا فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگە گوتی "با بێین لەسەر شەرەفی خوێنی شەھیدانی ھەڵەبجە یەک بگرینەوە، چونکە مەترسی لەسەر میللەتەکەمانە، چونکە دوای داعش، شەڕی گەورەترمان لەپێشە".
گوتەکانی مەحموود سەنگاوی لەمیانەی مەراسیمێک بوو کە پەردە لەسەر کارێکی ھونەریی ئەندازیار خوسرەو جاف بەناوی (لەبیری ناکەین) لادرا، کە مۆنۆمێنتی یادگاریی ھەڵەبجە دانراوە و ئاماژەیە بۆ لەیادنەکردنی مەرگی پێنج ھەزار شەھیدی کیمیابارانی شارەکە.
باسنیوز
