نەجمەدین كەریم هەڕەشە لە بەغدا و ئاوارەكانی كەركوك دەكات
پارێزگاری کەرکووک گوتی "بەهەموو شێوەیەک بڕیارەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەت دەکەینەوە لەبارەی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پیلانی بێبەشکردنی کەرکووکییەکان لە مافە دیموکراسییەکانیان و بەکارهێنانی دەسەڵاتی تایبەتی لە داهاتوودا".
پارێزگاری کەرکووک جەختی کردەوە لەوەی کە ئەم هەنگاوەی حکوومەتی ناوەند ناحەقییە بەرامبەر بە کەرکووک. گوتیشی "مافی دەنگدان بەو برا ئاوارانەی ئەنبار، تکریت و دیالە دەدەن کە ماوەی دوو ساڵە پەنایان بۆ کەرکووک هێناوە و خواردن و خواردنەوە و کارەبا و تەواوی پێداویستی شارەکە بەکار دەهێنن، بەڵام ماف بە هاوشارانمان نادەن کە لە زێدی خۆیانن هەڵبژاردن بکەن و بێبەشیان دەکەن. ئەمە بەهیچ جۆرێک قابیلی قبووڵ نییە و لە دژی ئەمە هەنگاوی پێویست دەنێین".
گوتیشی "من لێرەوە هەموو کەرکووکییەکان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەگەر رێگر بن لە دەنگدانی کەرکووکییەکان، ئەوا رێگە نادەین هیچ لەو ئاوارانەی کە لە کەرکووکن، دەنگ بدەن".
باسنيوز
