بۆ یه‌كه‌مین جار له هه‌رێمی كوردستان به‌نزینی فڕۆكه به‌رهه‌م ده‌هێندرێت
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له پاڵاوگه‌ی كه‌ڵه‌ك له هه‌ولێر، كۆمپانیای كار به‌نزینی فڕۆكه به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئه‌و نه‌وته‌ی به‌رهه‌م ده‌هێندرێت له‌بری ئه‌وه‌ی بكرێته نه‌وتی سپی، ده‌كرێته به‌نزینی فڕۆكه.
به گوته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، ته‌نیا له پاڵاوگه‌كه‌ی هه‌ولێر توانای ئه‌وه هه‌یه به‌نزینی فڕۆكه له كوردستان به‌رهه‌م بهێندرێت.
پێشووتر ده‌بوایه فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان چاوه‌ڕوانی به‌نزینی فڕۆكه‌یان له پاڵاوگه‌ی بێجی بكردایه، هاوكات گرێبه‌ستیش هه‌بوو له‌گه‌ڵ كۆمپانیای تایبه‌ت بۆ هێنانی به‌نزینی فڕۆكه بۆ فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان.
تاهیر عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی رایگه‌یاند، بۆ فڕۆكه‌خانه پشت به سه‌رچاوه‌ی به‌نزینی كوردستان ده‌به‌ستن، گوتی: "پێشووتر له عێراق و له ده‌ره‌وه به‌نزین دابین ده‌كرا، به‌ڵام ماوه‌یه‌كه فڕۆكه‌خانه‌كان له پاڵاوگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌نزینی فڕۆكه‌یان بۆ دێت و هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه".
گوتیشی: "كوالێتیی به‌نزینه‌كه باشه، ئه‌گه‌ر باش نه‌بێت فڕۆكه‌كان ناتوانن وه‌ری بگرن، له فڕۆكه‌خانه تاقیگه‌مان هه‌یه و چه‌ند تێستێك ده‌كه‌ین پاشان وه‌ری ده‌گرین".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی فڕۆكه‌خانه ڕوونی كرده‌وه، به‌نزینی فڕۆكه‌ی كوردستان به‌پێی ستانداردی جیهانییه: "به‌نزینی فڕۆكه شتێكی زۆر گرنگه، خودانه‌خواسته كوالێتییه‌كه‌ی خراپ بێت ئه‌وا كاریگه‌ریی خراپی ده‌بێت بۆ بزوێنه‌ری فڕۆكه‌كه، تاوه‌كو ئێستا هیچ كێشه‌یه‌ك دروست نه‌بووه و دڵنیایین له‌وه‌ی كه باشه".
تاهیر عه‌بدوڵا له‌باره‌ی نرخی به‌نزینه‌كه‌ی كوردستان ئه‌وه‌ی خسته ڕوو، له عێراق وه‌زاره‌تی نه‌وت نرخی داناوه، به‌ڵام له كوردستان بۆ هاندانی كۆمپانیا فڕۆكه‌وانیه‌كان، فڕۆكه‌خانه‌كان نرخ دیاری ده‌كه‌ن: "نرخه‌كه به‌پێی رۆژانه ده‌گۆڕێت، رۆژ هه‌یه لیتری به‌نزینه‌كه به 60 سه‌نته و رۆژ هه‌یه 70 سه‌نته و رۆژیش هه‌یه زیاتره، جاری واش هه‌یه كه‌وا كه‌م ده‌بێته‌وه، جاری واش هه‌یه نرخی لیترێك ده‌گاته سه‌رووی دۆلارێك".
ئاشكراشی كرد، مانگانه له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی پێویستیان به زیاتر له ملیۆنێك لیتر به‌نزین هه‌یه و هه‌مووی به‌رهه‌می كوردستانه.
تاهیر عه‌بدوڵا دووپاتی كرده‌وه، به‌نزینی فڕۆكه له كوردستان ته‌نیا له هه‌ولێر به‌رهه‌م دێت.
ده‌یان كۆمپانیای فڕۆكه‌وانیی بیانی له رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانیی نێوده‌وڵه‌تی گه‌شته‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه و سامانه سروشتییه‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، به‌رهه‌مهێنانی به‌نزینی فڕۆكه له كوردستان هه‌نگاوێكی گرنگه، گوتی: "وه‌كو ئه‌وه‌ی زانیومه پێشووتر به‌نزینی فڕۆكه هه‌ر له‌ده‌ره‌وه هاتووه، ئێستا كه به‌رهه‌می ناوخۆیه، ئه‌وه شتێكی گرنگه".
باسنيوز
