جەهەپە بەهۆی داوەت نەکردنی هەدەپە لە میتینگەکەی ئیستەنبوڵ نیگەرانە

 جەهەپە بەهۆی داوەت نەکردنی هەدەپە لە میتینگەکەی ئیستەنبوڵ نیگەرانە
داوەت نەکردنی پارتی دیموکراسیی گەلان (ھەدەپە) لە میتینگە جەماوەرییەکەی ئیستەنبوڵدا بووەتە جێگەی نیگەرانیی چاودێران و کەسایەتییە سیاسییەکانی تورکیا، چونکە پێیان وایە ھیچ یەکێتییەک لە تورکیا بە بێ کورد دروست نابێت.

گورسەل تاکین، پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە)، ئەو پارتەی لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیاوە دامەزراوە، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی (CNNturk)، رایگەیاند، ”ئەو میتینگە لاقێکی کەم بوو، ئەو لاقەش هی کوردە“.

گورسەل تاکین خۆشحاڵیی خۆی بە میتینگە جەماوەرییەکە و داوەتکردنی هەموو پارتەکانی تورکیا تێیدا، دەربڕیوە، لە هەمان کاتدا نیگەران بوو بە داوەت نەکردنی ھەدەپە و رایگەیاند، ”ئێمە بۆ دنیامان سەلماند کە یەکگرتووین، بەڵام بە بێ بوونی ھەدەپە، ئەو یەکێتییە دروست نابێ و پێیەکی کەموکورتی تێدایە".

ئیدریس بالوکان، پەرلەمانتاری ھەدەپە لە گوتەیەکیدا بۆ ئاژانسی (دیجلە) رەخنەی لە جەھەپە گرتووە بەوەی نەدەبووایە بەبێ ھەدەپە بەشداریی ئەو میتینگە بکات.

بالوکان پێیوابوو جەھەپە بەردەوام باس لە دیموکراتی و ئاشتی دەکات، ”ئێستا دەبێت لە خۆی بپرسێت چۆن بە بێ کورد دیموکراسی و ئاشتی بەرھەم دێت“.

رۆژی یەکشەممە 7ـی ئابی 2016، پارتی داد و گەشەپێدانی (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیا میتینگێکی جەماوەری بۆ رەتکردنەوەی کودەتای سەربازی، لە شاری ئیستەنبوڵ رێکخست.











باسنيوز
Top