برازایەکی تاڵەبانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا دادەخات

 برازایەکی تاڵەبانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا دادەخات
نوێنەرێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی خۆیەوە، بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتیی حکوومەت لە ڕووسیا دەدات و بەرپرسی فەرمانگەی کاروباری دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: ”ئەو بڕیارە لە دەست نوێنەرەکاندا نییە“.

پاش ئەوەی ئاسۆ شێخ جەنگی، برازای مام جەلال و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا بە میدیاکانی سەر بە حزبەکەی ڕاگەیاند، بەهۆی دۆخی داراییەوە، بارەگای حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان لە ڕووسیا داخستووە و نووسینگەکەیان چۆڵ کردووە، کەلوپەلەکانیشیان بۆ گەنجینەیەک گواستووەتەوە، تا ئەو کاتەی دووبارە نووسینگەکە دەکرێتەوە. ئاماژەشی بەوە دابوو کە لەمبارەیەوە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە.

لەمبارەیەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 9\8\2016، فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی کاروباری دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ، ئاماژەی بەوە کرد: ”پرسی نوێنەرایەتییەکان گرنگە و حکوومەت بە بایەخەوە لێی دەڕوانێت. ئیمە دیراسەی پێویستیی بەردەوامبوونی ئەو نوێنەرایەتییانە دەکەین. دەبێت هەوڵ بدەین بودجەی پێویستی بۆ دابین بکەین“. جەختیشی لەوە کردەوە: ”هەموو نوێنەرایەتییەکان وەک یەک نین، هەندێک وڵات بەپێی پێویست هاوکارییان نەکردووین و هەشە زۆر گرنگییان پێ داوین و بایەخی زیاتر بە نوێنەرایەتییەکان دەدەین“.

فەلاح مستەفا لە وەڵامی بڕیارەکەی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا، ئاشکرای کرد: ”زۆر ئاساییە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داخستنی بارەگای نوێنەرایەتییەکەی بدات، بەڵام نوێنەرەکە دەمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتییەکان لەدەست نوێنەرەکان نییە، دەبێت سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و هەرێمی کوردستان بڕیاری لێ بدەن“.

ڕەخنەشی لە ”هەندێک نوێنەر“ گرت، بەوەی ئەو دۆسیانە بۆ نێو میدیاکان دەگوازنەوە و ”کێشە دروست دەکەن“.









باسنیوز
Top