"شاندەکەی یەکێتی بۆ تاران بریتییە لە باڵێکی نێو یەکێتی"
ڕۆژی یەکشەممە 7\8\2016، ژمارەیەک سەرکردەی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، ئەرسەلان بایز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، عەدنان حەمەی مینا و شاڵاو کۆسرەت ڕەسول، ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی پێکهاتبوون.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ڕایگەیاند: ”سەردانەکە، سەردانی باڵێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ ئێران“. ڕوونیشی کردەوە: ”ئەوان دەیانەوێت بە ئێران بڵێن، ئێمەش هەین و حیسابمان بۆ بکەن“.
هەر سەبارەت بە سەردانەکە، نەوزاد ڕەسوڵ، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی و پەرلەمانتاری ئەو حزبە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “هێشتا سەردەمی زێڕینی بەرهەم ئەحمەد ساڵح بەسەر نەچووە، چونکە ئێستا پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم ئاراستەکانی ناو یەکێتی خۆشە، بەتایبەتی کۆسرەت رەسوڵ عەلی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بارودۆخی کوردستان و حزبایەتیی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، و دەبێت یەکڕیزی و تەبایی حۆمان بپارێزین لە ئاستی کوردستان و حزبایەتیش”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، نازانێت ناوەڕۆکی سەردانی شاندی حزبەکەی بۆ ئێران چییە و دەڵێت: “هێشتا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە”. گوتیشی: “ئەو شاندەی یەکێتی لەسەر بنەمای باڵ باڵێن نەچووەتە ئێران”.
هەندێک لە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بەشێک لە ئامانجی سەردانەکەی بەرهەم ساڵح بۆ ئێران، بەو مەبەستەیە کە ئێران ڕازی بکات، تاوەکوو بۆ قۆناغی دوای داعش، بکرێت بە سەرۆک کۆماری عێراق. لەمبارەیەشەوە ڕۆژنامەی (ئاوێنە) لە زاری نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڵاوی کردووەتەوە: ”بەرهەم ساڵح مافی خۆیەتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق سەردانی ئێرانی کردبێت، بەڵام سەردانەکەی بۆ ئەوە نییە“.
باسنیوز
