ئیسف محەمەد 192 ملیۆن دیناری بۆ ھەر راوێژکارێکی خەرج کردووە

ئیسف محەمەد 192 ملیۆن دیناری بۆ ھەر راوێژکارێکی خەرج کردووە
پەرلەمانتارێکی لیژنەی کاروباری پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە خولی پێشووی پەرلەمان راوێژکارانی پەرلەمان بەناوی دروستکردنی خانوو، ھەریەکەیان بڕی ١٩٢ ملیۆن دیناریان بە قەرز وەرگرتووە و بەشێک لەو کەسانە دواتر خانەنشین کراون.



مەدینە ئەیوب شەرناخی، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی کاروباری پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، راوێژکارەکانی پەرلەمان بەناوی خانوو دروستکردن پارەیەکی زۆریان وەرگرتووە، گوتی: "لە خولی پێشووی پەرلەمان ھەر راوێژکارێک ١٩٢ ملیۆن دیناری وەرگرتووە بۆ دروستکردنی خانوو، ژمارەی راوێژکارەکانیش کە لەو پارەیە سوودمەند بوونە زۆرە و پارەیەکی زۆریان بۆ خەرج کراوە".



ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی خستە ڕوو، پارەکە بە قەرز دراوەتە ئەو کەسانە، بەڵام ئەوە ناعەدالەتییەکی زۆرە: "چۆن دەکرێت بۆ یەک راوێژکار بەناوی دروستکردنی خانوو ١٩٢ ملیۆن دینار خەرج بکرێت؟ ئەو پارەیە نەک یەک خانوو، بەڵکو ١٥ خانووی پێ دروست دەکرێت".



وێڕای پاداشت و لە ئەستۆگرتنی خەرجییەکانیان، تاوەکو ساڵی رابردوو ھەر راوێژکارێکی پەرلەمان مانگانە ٥ ملیۆن دیناری وەردەگرت.



شەرناخی ئەوەی دووپات کردەوە، سەرەڕای قەیرانی دارایی، راوێژکارەکانی پەرلەمان لە ئیمتیاز پێدان نەخراون، گوتی: "ھەموو راوێژکارەکان ئۆتۆمبێلی جۆری لاندکرۆزەریان لەژێردایە و پارەی بەنزینیش لەسەر داھاتی گشتی بۆیان خەرج دەکرێت".



ئەو دووپاتی کردەوە، ھەر راوێژکارێک مانگانە ٣٠٠ لیتر بەنزینی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی خەرج دەکرێت، گوتیشی: "ماوەیەک پێدانی پارەی بەنزین بۆ ئەو کەسانە راگیرا، بەڵام ئێستا دووبارە بۆیان خەرج دەکرێتەوە، وەکو ئەوەی وابێت قەیرانی دارایی چارەسەر بووبێت و مووچەی فەرمانبەران ئاسایی بووبێتەوە".



بەپێی زانیارییەکانی (باس)، یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان (١١٠) کەسی لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ دامەزراندووە، لەنێو ئەو کەسانە (١٤) راوێژکاری تیادایە کە (٥) راوێژکاریان بە پلەی (ئەلف) دامەزراون.



ئەگەرچی ئیدارەی پەرلەمانی کوردستان ڕای گەیاند، لەنێو پەرلەمانی کوردستان ٤٨ ڕاوێژکار ھەیە، بەڵام ئەندامەکەی لیژنەی کاروباری پەرلەمان ئاشکرای کرد ٨٣ راوێژکار لەنێو پەرلەمانی کوردستاندا ھەنە و ھەندێک لە راوێژکارەکان خانەنشین کراون، گوتیشی: "بەشێک لەو راوێژکارانەی خانەنشین کراون لە پێدانی ١٩٢ ملیۆنەکە سوودمەند بوونە و بەشی زۆری پارەکەشیان لە ئەستۆدا ماوە".



لە ماوەی ڕابردوودا ٣ راوێژکاری پەرلەمان بەھۆی دەوام نەکردن و پابەندنەبوون بە دەوام فەسڵ کراون، بەڵام ئەوان قەرزەکەیان وەرنەگرتووە.



مەدینە ئەیوب جەختی کردەوە، لەگەڵ ئەوەی خەرجییەکان کەم کراونەتەوە، بەڵام بەشێک لە راوێژکارانی پەرلەمان خەرجییەکانیان لەسەر ئەستۆی پەرلەمانە و کەم نەکراوەتەوە.

ئەو ڕوونی کردەوە، لە ساڵی رابردوودا بەناوی پاداشتەوە پارەیەکی زۆر بۆ راوێژکاران و پاسەوانەکانیان خەرج کراوە.



تاریق سارمەمی، راوێژکاری پەرلەمانی کوردستان ئەوەی راگەیاند، ئەو پارەیەی راوێژکاران وەریان گرتووە قەرزە و مانگانەش بڕێک لە قەرزەکە بۆ حکوومەت دەگەڕێننەوە، گوتی: "بەپێی مووچەکانیان ھەر راوێژکارێک مانگانە بڕێک لە مووچەکەی وەردەگیرێتەوە، ھەندێک لەوانە تاوەکو ٦٥٠ ھەزار دیناریان لێ دەگێڕدرێتەوە".

ئەو راوێژکارەی پەرلەمان دووپاتی کردەوە، بەشێک لەوانەی قەرزەکەیان وەرگرتووە خانەنشین کراون، بەڵام لە مووچەکانیان بڕێک پارە دەگێڕدرێتەوە.












باسنیوز
Top