محەممەد عەبدوڵڵاهی، گیراوی سیاسی کورد لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارەدرا
محەممەد عەبدوڵڵاهی بە تۆمەتی دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێی ئەندامیێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی مەهابادەوە بە فرمانی لەسێدارەدان حوکم درابوو.
دیوانی بەرزی وڵات حوکمەکەی پەسند کرد و، بەهاری ساڵی 2015 لە زیندانی مەهاباد حوکمەکەی بە عەبدوڵڵاهی راگەیاند.
مستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری ئەو گیراوە سیاسییە کوردە ئەوکاتە گوتبووی " حوکمەکەی دادپەروەرانە نییە و رەوتی دادگاییکردنەکە کێشەی زۆری هەیە". داوای راگرتنی حوکمەکەشی کردبوو.
موحەممەد عەبدوڵڵاهی تەمەنی 35 ساڵ بوو و هاوژین و منداڵی هەیە، ئەو کە خەڵکی بۆکانە لە بەهاری ساڵی 2010 لە باخی شایەگانی مەهاباد بە برینداری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.
پێنج کەسەکەی دیکە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە سێدارەدران. ئەوانیش خەڵکی شارەکانی پیرانشار و ورمێ بوون.
هەفتەی رابردوو بە لانی کەمەوە 20 کەس لە گیراوانی کوردی سوننە مەزهەب لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە سێدارەدران، ئەمەش ناڕەزایەتی زۆری چالاکانی مافی مرۆڤ، وڵاتانی رۆژئاوایی و رێکخراوە جیهانییەکانی بە دواداهات.
روداو
