ئەندامێکی دەستەی داواکاری گشتی: گەشتکردن بۆ دەرەوە لە ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەر قەدەغە کراوە
ئەو ئەندامەی دەستەی مافی گشتی لە ھەولێر ئەوەی خستە ڕوو، ئەوان پێوەندییان بە ھەموو ئەو سکاڵا و داواکارییانە ھەیە کەوا پێوەندییان بە مافی گشتی و سامانی گشتییەوە ھەیە و لە خەڵک و حکوومەت و رۆژنامە و دامەزراوە مەدەنییەکان پێیان دەگات.
ئەو ئەندامەی داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە دا، ھەندێک لە دۆسیەکانی چاکسازیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان بۆ رەوانە کراوە، گوتیشی: "بەشێک لە دۆسیەکانی سەرۆکایەتیی ھەرێم بۆ ئێمە رەوانە کراوە، ئێمەش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان لەسەر دەکەین و کۆبوونەوەیان لەسەر دەکەین، ھەیانە سکاڵای بۆ تۆمار دەکەین، ھەندێکی تریش بەدواداچوونیان بۆ دەکەین و پاشان لە دادگا سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەین".
محەمەد رێکانی جەختی کردەوە، کەیس و بابەتی جۆراوجۆر لەلایەن سەرۆکایەتیی ھەرێم ئاراستەیان کراوە: " کەیسەکان جۆراوجۆرن، لە یەک بابەت لەوانەیە ٢٠ کەیس ھەبێت، ئێمە سکاڵای جۆراوجۆرمان تۆمار کردووە، بۆ نموونە لەسەر دۆسیەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی چەندین سکاڵامان تۆمار کردووە، دۆسیە ھەیە زیاتر لە ١٠ نووسراومان بۆ لایەنە پێوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوەی بەڵگەی زیاترمان دەست بکەوێت".
رێکانی لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "دۆسیەکانی چاکسازی لە لایەن سەرۆکایەتیی ھەرێم و دەستەی دەستپاکی و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی بەردەوام بۆیان رەوانە دەکرێت و ژمارەیان زۆرە".
سەبارەت بەو دۆسیانەی لە پرۆسەی چاکسازیی بارزانی بۆیان ھاتووە، ئەندامی دەستەی مافی گشتی زانیاریی ئاشکرا کرد و گوتی: "زۆربەی ئەو دۆسیانە لەسەر زێدەڕۆییکردنە لەسەر موڵکی حکوومەت و زەویی کشتوکاڵی، ھەروەھا دۆسیەی کێشەی مەساجخانەکان، دۆسیەیەکی تریش ھەیە سەبارەت بەو کەسانەی کەوا فەرمانی گرتنیان ھەیە و تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراون، چەندین دۆسیەش ھەیە لەسەر ئەو کەسانەی پارە و موڵکی گشتییان بەھەدەر داوە".
رێکانی ڕاشی گەیاند، لەنێو ئەو دۆسیانەدا ناوی چەندین فەرمانبەر و بەرپرسی باڵا ھەیە، گوتیشی: "کەسی باڵا و خاوەن نفوز و دەستڕۆیشتوو لە دۆسیە چاکسازییەکانی بارزانیدا ھەن و داواکاری گشتیش دەستکراوەیە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە و ئەنجامیشمان داوە".
دووپاتی کردەوە، لە دۆسیە چاکسازییەکانی بارزانیدا جدییەتی زۆر ھەیە: "ئەوەی تاوەکو ئێستا دەیبینم لە لایەن سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بەجدی گرنگی بەو دۆسیانەی چاکسازی دراوە و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، ئەوەی ماوەتەوە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگایە کە پێویستی بە پشتگیری و ئیرادەیەکی زۆر بەھێز دەبێت".
ئەو داواکاری گشتییە جەختی کردەوە، بەشێک لە دۆسیەکان لە دادگان و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکان دەکرێت و لە دادگاشدا داواکاری گشتیی چاودێریی قۆناخەکانی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکان دەکات، گوتیشی: "کاری خۆمان کردووە و ژمارەیەک سکاڵامان تۆمار کردووە تاوەکو ئێستا ھیچ رێگری و ئاستەنگێک لەبەردەمماندا نییە، ھەرکات ئاستەنگ دروست بێت ئەوکات سەرۆکایەتیی ھەرێم و بەڕێز بارزانیی لێ ئاگادار دەکەینەوە بۆ پشتیوانیکردنی بابەتەکە".
محەمەد رێکانی پێیوایە، ھەبوونی مەسعود بارزانی و سەرۆکایەتیی ھەرێم لەپشت کارەکانیان پشتیوانییەکی گەورەیە بۆ سەرکەوتنی کارەکانیان، گوتیشی: "زۆر گرنگە لە ھەموو پرۆسەیەکی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، ئیرادەیەکی سیاسی ھەبێت بۆ پشتگیرکردنی داواکاری گشتی و دادگاکان، ئیرادەیەکی سیاسی لە لایەن سەرۆکایەتیی ھەرێم ھەیە بۆ ئەو بابەتە، ئەوەی ماوەتەوە قۆناخەکانی تری کاری دادگاکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانە، کە ئەویش پێویستی بە ئیرادەیەکی بەھێزی سیاسی دەبێت".
ئەوەشی دووپات کردەوە، لەدادگاکان بڕیاری قەدەخەکردنی گەشتکردن لەسەر ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەر ھەیە: "بەپێی یاسا ھەرکات ترس ھەبێت تۆمەتبارێک بڕواتە دەرەوەی وڵات و نەگەڕێتەوە، ئەوا گەشتکردنی لێ قەدەخە دەکرێت، ئەوەش کارێکی یاساییە و بۆ بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکانە".
رێکانی ڕاشی گەیاند، تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی ورد و زانستییان لەلا نییە کە وا ئاستی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە، گوتیشی: "گەندەڵی لە کوردستان تا ئاستێک ھەیە، بەڵام ئێستا ئیرادەی بەرەنگاربوونەوەی ھەیە و بارودۆخەکە لەبارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی و ھەوڵ ھەیە بۆ پێش لێگرتنی، بۆ ئەوەی زیاتر لەوە تەشەنە نەکات".
لەبارەی ئەو رەخنانەی لە داواکاری گشتی دەگیرێن، کەوا لە ئاستی پێویستدا نین بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئەو دەیگوت: "داواکاری گشتی وەکو ھەر دەزگایەکی تری تەشریعیی ئەم وڵاتەیە، ئێمە نزیکەی ٨ ساڵە خەریکی ھەموارکردنەوەی یاسای داواکاری گشتین، چونکە ئەوەی ھەیە دەسەڵاتێکی کەمی داوەتە داواکاری گشتی لە بەدواداچوون و پاراستنی سامانی گشتی، بۆیە دەبێت گۆڕانکاری بکرێت تا داواکاری گشتی بە ئەرکی خۆی ھەڵبستێت و لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا بێت".
باسنيوز
