نەک گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانیی ناوێ، بەڵکو یەکێتی نایداو کێشەیان هەیە

نەک گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانیی ناوێ، بەڵکو یەکێتی نایداو کێشەیان هەیە
ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێـتیی نیشتمانی بووە بە گەرمترین ھەواڵی میدیاکان، چونکە تەنیا ١٠ ڕۆژی ماوە یەکێتی پۆستی پارێزگاری سلێمانی ڕادەستی بزووتنەوەی گۆڕان بکات، ئەمە بەپێی ڕێککەوتنی پێشووتری ئەو دوو لایەنە لە سلێمانی.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بزووتنەوەی گۆڕان لە ئاستی باڵادا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێک کەوتووە کە مەسەلەی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەک خۆی بمێنێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییەکان، یەکێتی بڕی ٥ ملیۆن دۆلاری داوە بە گۆڕان و کۆمەڵێک قەرز و قۆڵەی پێشووتریش کە ھی ئیدارەی گشتیی یەکێتی بووە و لای گۆڕان ماوە، ئیدارەی گشتی لێی خۆش بووە، ھەر لەو سەروبەندەدا بزووتنەوەی گۆڕان دەستبەرداری پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەبێ، ئەگەرچی ھیچ لایەنێکی فەرمی تا ئێستا ئەم زانیارییەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

یەکێتیی نیشتمانی وا بەئاسانی دەستبەرداری پۆستەکەی ئاسۆ فەرەیدوون نابێ بۆ ھەڤاڵ ئەبوبەکر و لە چەند کۆبوونەوەیەکدا بە بەرپرسەکانی گۆڕانی گوتووە، تەنانەت ئەو کارە ئەگەر بە شێوەی یاساییش بەڕێوە بچێت، ھێشتا ھەر یەکێتی ئەو پۆستە ناداتە ھەڤاڵ ئەبوبەکر، بۆیە باسکردن لەو مەسەلەیە، لە حاڵێکدا ئەگەر یەکێتی ویستی پۆستە رادەست بکات، وا پێویستە گۆڕان ناوێکی دیکە پێشنیاز بکات.

لەبارەی ئەوەی تا چەند ڕاستە گۆڕان ڕازی بووە دوو ساڵی دیکە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ یەکێتی درێژ بکرێتەوە، سەردار قادر، جێگری پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکدا گوتی: "ئاگاداری ئەوە نیم، بەڵام دەکرێ گۆڕان لەگەڵ یەکێتی لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ بکات، چونکە ھەردوولا رێککەوتنێکی ٢٥ خاڵییان لەسەر دوو ساڵ بە دوو ساڵی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی واژۆ کردووە". گوتیشی: " تا ئێستا ئاگاداری ئەوە نەکراوینەتەوە کە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەکرێت، بەڵام بەپێی ڕێککەوتنی سیاسیی ھەردوولا، دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە یەکێتی وەربگرێتەوە".

بزوتنەوەی گۆڕان کە لە ئاستی باڵادا ئەو مەسەلەیەی بە ھەند وەرنەگرتووە و نایەوێت بیکاتە بابەت و لەم قۆناغە ناسکەدا کێشە لەگەڵ یەکێتی دروست بکات، بەڵکو دەیەوێت لەبەرامبەر خۆخڵەفاندن لەو مەسەلەیە شتی دیکە لە یەکێتی وەربگرێت، ھەروەھا بیانووی بەرپرسە باڵاکانی گۆڕان بۆ خۆدزینەوە لەو مەسەلەیە ئەوەیە کە ئەگەر کەسێکی دیکە بخرێتە جێگەی ئاسۆ فەرەیدوون، دەبێت لە لایەن سەرۆکی ھەرێمەوە مەرسوومی بۆ دەربکرێت و ئەگەر گۆڕان ئەوە بکات، بە ناڕاستەوخۆیی دان دەنێت بە شەرعییەتی ماوەی بارزانی لە پۆستی سەرۆکی ھەرێمدا.

پێوەند بەم پرسە، ئەنوەر شەھید تاھیر، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "کاتی ئەوە ھاتووە گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە یەکێتی وەربگرێت، بۆیە ١٠ ڕۆژی دیکە ئێمە ئەو پۆستە لە یەکێتی وەردەگرین".

ڕوونیشی کردەوە: "وەرگرتنی ئەو پۆستە بەپێی ڕێککەوتنە، بێ گومان ھەردوولا لەسەر ڕێککەوتنەکە کۆکن".

بەشێک لە چاودێرانی سیاسیش دەڵێن ڕێککەوتنی سیاسیی گۆڕان و یەکێتی ئەوە دەردەخات، مەحاڵە یەکێتی بەوە ڕازی بێت پۆستی پارێزگاری سلێمانی بدات بە ھاوپەیمانەکەی، چونکە یەکێک لە بەندەکانی ڕێککەوتنی سیاسیی گۆڕان و یەکێتی ئەوەیە کە دوو ساڵی دیکە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ یەکێتی درێژ بکرێتەوە، کە بۆ ھاووڵاتیان بەیان نەکراوە.

دانا شەھید جەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی پارتی بە (باس)ی ڕاگەیاند، پارتی پێوەندیی بە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی پارێزگاری سلێمانییەوە نییە، ئەوە پێوەندیی بە رێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتییەوە ھەیە، گوتی: "ئەگەر گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەرنەگرێت، ئەوا پێوەندیی بە خۆیەوە ھەیە و چۆن وەڵامی جەماوەرەکەی خۆی دەداتەوە!".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونی کردەوە، بەپێی رێککەوتنی پێشووی گۆڕان و یەکێتی بێت، دەبێ تاوەکو ٢٠ی ٨ ئاڵوگۆڕی خۆیان بکەن، بەڵام بە دووری دەزانێت ئەو ئاڵوگۆڕە بکرێت: "کێشە مەرسوومی سەرۆکی ھەرێم نییە، چونکە بە قانوون رێگا دراوە سەرۆکی ھەرێم بەردەوام بێت لەسەر کارەکانی خۆی و دەسەڵاتەکانی بەکار بھێنێت".

دانا شەھید جەزا پێی وایە گۆڕان ڕازی بووە پۆستی پارێزگار لای یەکێتی بمێنێتەوە، بۆیە بیانووەکە بۆ مەرسوومی سەرۆکی ھەرێم دەگەڕێنێتەوە، گوتیشی: "ئەوە بیانووە و گۆڕان دەیەوێت بەکاری بھێنێت، چونکە پێدەچێت بەھۆی رێککەوتنە سیاسییەکەیان لەگەڵ یەکێتی، تەنازول بۆ پۆستی پارێزگار بکەن و بۆ ئەوەش بیانوو دەھێننەوە".

ئەندامەکەی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێی وایە، لە نزیکبوونەوەی وادەی ئاڵوگۆڕەکە، بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت بیانووێک بھێنێتەوە بۆ وەرنەگرتنی پۆستەکە و پێدانەوەی بە یەکێتی، گوتیشی: "زۆر ئەستەمە لە کاتی خۆیدا ئاڵوگۆڕ لە پارێزگاردا بکرێت، تاوەکو ئێستا ھیچ ئامادەکارییەک نەکراوە، بۆیە پێشبینی ناکەم لەدوای ٢٠ی ئابیش ئەو ئاڵوگۆڕە بکرێت و کارێکی ئەستەمە".



باسنیوز
Top