لە سەردەشت شەڕ دەستی پێ کردەوە

 لە سەردەشت شەڕ دەستی پێ کردەوە
لە سنووری شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە کوردییەکان و چەکدارانی سەر بە دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی پێ کردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 8\8\2016، سەرچاوەیەکی سەربازیی باڵای کوردستانی ڕۆژهەڵات کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند، هێزێکی چەکداریی سەر بە هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان - رۆژهەڵات، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی گەورەی سەربازیی ئێران لە ناوچەی سەردەشتی کوردستانی ڕۆژهەڵات. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە تاوەکوو ئێستا شەڕ و پێکدادان هەیە.

سەرچاوەکە ئاماژەشی بەوە کرد کە لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا، کوژراو و بریندار لە ڕیزی هێزە ئەمنییەکانی ئێراندا هەیە.

ئەمە لە کاتێک دایە کە دوو مانگ لەمەوبەر، لە ناوچەکانی سەردەشت، شنۆ، مەریوان و مەهاباد، شەڕ لە نێوان پێشمەرگەکانی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و سوپای پاسدارانی ئێران ڕووی دا کە لە ئەنجامدا 11 پێشمەرگە شەهید بوون و میدیاکانی نزیک لە حدکاش باس لە کوژرانی زیاتر لە 50 پاسداری ئێرانی دەکەن.






باسنیوز
Top