دەزگای بارزانی هاوکاریی رزگاربووەکانی مووسڵ دەکات

 دەزگای بارزانی هاوکاریی رزگاربووەکانی مووسڵ دەکات
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی هاووڵاتییە رزگاربووەکانی ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی توندڕەوی داعش، دەکات.

لە راگەیەندراوێکدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایدەگەیەنێت، کە رۆژی 8ـی ئابی 2016، دەزگاکە لە کەمپی دیبەگە خواردنی گەرمی بەسەر 2752 خـێزانی رزگاربوو لە ژێر دەسەڵاتی داعش، دابەش کرد.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران UNHCR، سێتی چێشتخانە و خێوەتی بەسەر 284 خێزانی دیکەی ئاوارە، پارسێلی خۆراکی بەسەر 350 خێزان دابەش کردووە و ئاوی خواردنەوەشی بۆ 1404 خـێزان دابین کردووە.

زۆربەی ئاوارەکانی کەمپی دیبەگە بریتین لەو هاووڵاتییە عێراقییانەی، کە خۆیان لەژێر دەسەڵاتی داعش لە مووسڵ و دەوروبەری رزگار کردووە.

چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە رۆژی 10 حوزەیرانی 2014، زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەزگایەکی کوردستانییە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی وەک رێکخراوێکی خێرخوازیی ناسێنراوە و هاوکاریی خەڵکی هەژار و ئاوارەکان لە کوردستان دەکات.

بەهۆی شەڕی تائیفیی سوننە و شیعەکانی عێراق و هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور و رۆژئاوا و عێراق و سووریا، زیاتر لە 1.8 ملیۆن هاووڵاتیی کوردستانی رۆژئاوا، سووریا و عێراق ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.









باسنیوز
Top